ئەمڕۆ دووشەمە ١١-٥-٢٠٢٦، میدیاکانی هۆڵەندا ڕایانگەیاند، ئەو گەشتیارانەی کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەناو کەشتییەکی گەشتیاریدا لە کەناراوەکانی ئیسپانیا گیریان خواردبوو، دوای ئەنجامدانی پشکنینی وردی پزیشکی و دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستییان، گەیشتنەوە هۆڵەندا.
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو، دوای ئەوەی گومانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی “هانتا” لەسەر کەشتییەکە کرا، بەرپرسانی تەندروستیی ئیسپانیا رێگرییان لە نیشتنەوەی گەشتیارەکان کرد و کەشتییەکەیان لە نزیک کەناراوەکان کەرەنتین کرد. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە چەند نیشانەیەکی گوماناوی لەنێو ژمارەیەک لە سەرنشینەکاندا بەدەرکەوتبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە کە مەترسییەکە بەو شێوەیە نەبووە کە گومانی لێ دەکرا، بەڵام بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی، ڕێکارە تەندروستییەکان بە توندی جێبەجێ کران.
ڤایرۆسی “هانتا” یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی کە بەزۆری لە ڕێگەی مشک و قرتێنەرەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی هەناسە، ئەمەش وایکردبوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەشتییە گەشتیارییەدا بکەن.
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی هۆڵەندا هیچ ئامارێکی وردیان لەسەر ژمارەی ئەو کەسانە بڵاونەکردووەتەوە کە ڕەنگە تووشی ڤایرۆسەکە بووبن، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەموو گەشتیارە گەڕاوەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەمێننەوە.

