ڕۆژی یەکشەممە 10ـی 5ـی 2026 لە رێوڕەسمێکدا لە سەنتەری شارۆچکەیشەقڵاوە و لە بناری چیای سەفین، پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووسی ناسراوی کورد، محەممەد مەولوود – مەم لادرا و کۆبەرهەمە ئەدەبییەکانی بە خوێنەران ناسێندران.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، جەماوەرێکی بەرچاو و بەرپرسانی حزبی و حکومی، نووسەران، ئەدیبان و ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا، وتاری بەخێرهاتن لەلایەن قائیمقامی شارۆچکەی شەقڵاوە پێشکەشکرا پاشان وتاری پارێزگاری هەولێر و یەکێتیی نووسەرانی کورد و خوێندرایەوە، هاوکات ژمارەیەک چیرۆکنووس و نووسەر بابەت و وتاریان پێشکەشکرد.
ئافەرین خان هاوژینی خوالێخۆشبوو، لە ڕێورەسمەکەدا وتاری پێزانین و دەستخۆشی بۆ ئامادەبووان پێشکەشکرد. وەک نیشانەی وەفا و ڕێزلێنان بۆ مێژووی پڕ لە داهێنانی ئەو چیرۆکنووسە، د. سالار عوسمان چەپکەگوڵی ڕێزی پێشکەش بە خانەوادەی خوالێخۆشبوو کرد.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، نووسەر و فەرهەنگنووسی ناسراو ماجی ڕۆحانی ئامادەبوو.
چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووس، محەمەد مەولوود (١٩٢٧-١٩٨٧)، یەکێکە لە پێشەنگەکانی چیرۆکی کوردی و یەکەم چیرۆکی لە ساڵی ١٩٥١ بڵاوکردووەتەوە. ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە دامەزراندنی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری هەولێر بووە.

