وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند کە پڕۆسەی گۆڕانی ئەلیکترۆنی لە حەوت پارێزگادا دەستی پێکردووە و پلانی داهاتوو بریتییە لە بەستنەوەی سەرجەم کۆگاکان و بریکارەکانی خۆراک بە سیستەمێکی ناوەندییەوە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە مامەڵەی کاغەزی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی لە دابەشکردنی بەشەخۆراکدایە.
ڕیاز موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری بازرگانی، ئاشکرای کرد کە هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی موبایلەکانیانەوە مامەڵەکانی (گواستنەوە، جیاکردنەوە و سڕینەوە)ی کارتی خۆراک ئەنجام بدەن. هەروەها سیستەمێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت کە دەتوانێت بە وردی بزانێت کام هاووڵاتی بەشەخۆراکی وەرگرتووە و چەند بڕە خۆراک گەیشتووەتە دەستی هەر بریکارێک.

