وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە پڕۆژەی کارتی نیشتمانی قۆناغی کۆتایی بڕیوە و نزیکەی ٩٨٪ی دانیشتووانی وڵات لەم سیستەمەدا تۆمار کراون. ئەم هەنگاوە وەک بازدانێکی جۆری لە پڕۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی و سادەکردنی مامەڵە کارگێڕییەکان هەژمار دەکرێت.
لیوا موقداد میری، وتەبێژی وەزارەت، ئاشکرای کرد کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکو ئەمڕۆ تۆمار کراون گەیشتووەتە ٤٨ ملیۆن و ٢٦٦ هەزار و ٥٠٣ کەس. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە جگە لە خزمەتگوزاری، بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنیی وڵات و دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی وردە بۆ سەرجەم پارێزگاکان.

