بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستارانەوە، زیبا تەها، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم پەرستارانی کوردستان دەکات و ستایشی ڕۆڵی ماندوونەناسانەیان دەکات لە کەرتی تەندروستیدا.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: “ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە هەموو پەرستارانی کوردستان پیرۆز بێت، ئەوانەی بە هەستی بەرزی مرۆڤایەتی لە خزمەت تەندروستی مرۆڤدان.”
زیبا تەها لە پەیامەکەیدا بەتایبەتی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئافرەتانی پەرستار و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئافرەتانی ئەم بوارە بە وزە، ئارامی و دڵسۆزییەوە، بوونەتە نموونەیەکی بەرزی خزمەتگوزاری و بەخشین لە نێو کۆمەڵگەدا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ڕێز و سوپاسی بێپایانی ئاراستەی هەموو پەرستارانی کوردستان کرد و گوتی: “پەرستاران لە هەموو بارودۆخێکدا بە ئیرادە و دڵسۆزییەوە لە خزمەتی خەڵکدان و پارێزەری سەلامەتی هاووڵاتییانن.”
ساڵانە لە ١٢ی ئایاردا، لە هەرێمی کوردستان و جیهان یادی ڕۆژی جیهانی پەرستاران دەکرێتەوە و تێیدا جەخت لە گرنگی ڕۆڵی ئەم توێژە لە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی دەکرێتەوە.

