سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕوونیانکردووەتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک بەشێک لە بەرنامەی ناوەکی ئێران بەجێبهێڵێت و بابەتەکانی وەک مووشەکە بالیستیکییەکان و پاڵپشتی گرووپە هاوپەیمانەکانی ناوچەکە پشتگوێ بخات، لەلایەن تەڵئەبیبەوە بە “شەڕێکی تەواونەکراو” دەبینرێت.
یەکێک لەو سەرچاوانە وتوویە: «ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ترەمپ لە کۆتاییەکانی گفتوگۆکاندا بێزار بێت و ڕێککەوتنێکی خراپ بکات»، بەپێی ئەوەی تۆری “CNN” بڵاویکردووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ئەمریکی هەوڵیانداوە ئیسرائیل دڵنیا بکەنەوە کە بابەتی پاشماوەی ئۆرانیۆمی دەوڵەمەندکراوی ئێران چارەسەر دەکرێت، بەڵام سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە لابردنی بابەتی مووشەکە بالیستیکییەکان و تۆڕی هاوپەیمانانی ئێران لە گفتوگۆکاندا “کێشەیەکی گەورە” دروست دەکات.
بەرپرسانی ئیسرائیلی هەروەها ئاگاداریان کردووەتەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی ناتەواو، کە هەندێک لە تواناکانی سەرەکی ئێران چارەسەر نەکات و هەروەها گوشاری ئابووری لەسەر تاران کەم بکاتەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی ڕژێمەکە و دابینکردنی پارەی زیاتر بۆی.
بەرپرسییەکی دیکەی ئیسرائیلی وتوویە: «نیگەرانییەکی ڕاستەقینە هەیە لەوەی ترەمپ ڕێککەوتنێکی خراپ بکات، بۆیە ئیسرائیل هەوڵدەدات تا دەتوانێت کاریگەری لەسەر دابنێت». بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاھو، ئاگاداری داوە لەوەی زۆر فشار نەخرێتە سەر ترەمپ، چونکە ڕەنگە وەک هاندانێک بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕ لێکبداتەوە.
لە بەرامبەردا، ئۆلیڤیا ویلز، وتەبێژی کۆشکی سپی، جەختی لەوە کردەوە کە «ئێران باش دەزانێت دۆخی ئێستای بەردەوام نابێت». ئەو وتی مووشەکە بالیستیکییەکانی ئێران تێکشکاون، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانیان هەڵوەشاونەتەوە و هەموو کەشتییەکانیان نوقم کراون، هەروەها هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە زۆر لاواز بوون.
ویلز ئاماژەی بەوەشدا کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا بووەتە هۆی خنکاندنی ئابووری و بەپێی وتەکەی، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکات.

