zagros news agency

داتاکانی وەزارەتی پلاندانان: پێنج پارێزگای باشووری عێراق بەرزترین ڕێژەی هەژارییان تێدایە

ئامارە نوێیەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای دەکەن کە ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی عێراق بەرزبووەتەوە.

لەمبارەیەوە نەبیل مەرسوومی، شارەزای بواری ئابووری ڕایگەیاندووە کە بەپێی داتا فەرمییەکانی کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو، پارێزگای موسەننا هێشتا لە پلەی یەکەمی ناوچە هەرە هەژارەکاندایە بە ڕێژەی ٤٣.٦٪، لە دوای ئەویش پارێزگای بابل بە ٣٤.٤٪ و دیوانییە بە ٢٨.٩٪ دێن، لە کاتێکدا پارێزگای بەسڕە کە بە سەرچاوە سەرەکییە نەوتییەکەی عێراق دادەنرێت لە پلەی چوارەمدایە بە ڕێژەی ٢٧.٩٪ و پارێزگای نەجەفیش بە ٢٥.٢٪ لە پلەی پێنجەمدا جێگیر بووە، بەمەش ئەو پێنج پارێزگا شیعەنشینە بەرزترین ئاستی هەژارییان لەسەر ئاستی وڵاتدا تۆمار کردووە.

​لە بەرامبەردا، ئامارەکان نیشانیدەدەن کە پارێزگای هەولێر کەمترین ڕێژەی هەژاری تێدایە کە تەنیا ٦٪ کێشراوە، و پارێزگای سلێمانیش بە ڕێژەی ٨٪ لە دوای ئەو جێگیر بووە.

ئەو شارەزا ئابوورییە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئاستی هەژاری لە موسەننا شەش هێندە و لە بەسڕەش چوار هێندەی پارێزگای هەولێرە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەسڕە چەق و دابینکەری سەرەکیی داهاتی نەوتە، ئەم واقیعە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ بوونی شکست لە سیاسەتی ئابووریی عێراقدا.

​لە کۆتاییدا دەرکەوتووە کە تێکڕای گشتیی ڕێژەی هەژاری لە سەرانسەری عێراقدا دەگاتە ١٧٪، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق لە ڕیزی دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نێو ڕێکخراوی ئۆپێک و پێنجەم گەورەترین دەوڵەتی هەناردەکاری نەوت لەسەر ئاستی جیهان پۆلێن دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

یاسین

دۆلار گەیشتە سەروو ١٠٦ هەزار تمەن

یاسین

وەزیری کارەبا بڕیارێکی گرنگ بۆ پاراستنی ژینگەی دا

سەڵاح