وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی بەپەلەی بۆ کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی جۆرە شیرێکی منداڵان بە ناوی (OPTILAC) دەرکرد و ڕایگەیاند، ئەو شیرە مۆڵەتی نییە و هاوردەکردنی قەدەخەیە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاڕاستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، تێیدا هاتووە: “پێویستە کارێکی بەپەلە بکرێت بۆ کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی شیری منداڵان لە جۆری (OPTILAC) کە بەرهەمێکی چینییە.”
وەزارەتی تەندروستی دوو هۆکاری سەرەکی بۆ قەدەخەکردنی ئەو شیرە خستووەتەڕوو:
یەکەم: ئەو جۆرە شیرە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هیچ تایبەتمەندییەکی پێوانەیی عێراقیی نییە و مۆڵەتی فەرمی نییە.
دووەم: بەپێی ماددەی (159)ی بڕگەی (أ)ی “الهيئة الاستشارية لسلامة الغذاء”، هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە خۆراکییە چینییانەی کە شیریان تێدایە (وەک خۆراک، شیرینی و شیری منداڵ) قەدەخە کراوە.
لە نووسراوەکەدا وەزیری تەندروستی داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت، بە زووترین کات ئەو شیرە لە بازاڕەکاندا کۆبکەنەوە و دەستی بەسەردا بگرن، پاشان ئەنجامی ڕێکارەکان بە ڕاپۆرتێک بۆ وەزارەت بنێرنەوە.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستیدایە بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگریکردن لەو بەرهەمانەی کە لەگەڵ ستانداردە تەندروستییەکاندا ناگونجێن و مەترسی بۆ سەر تەندروستیی منداڵان دروست دەکەن.


