zagros news agency

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێجیریا و ئەمریکادا چەند ڕاهێنەرێکی عێراقیی داعش کوژران

میدیاکانی نێجیریا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-5-2026 ئاشکرایان کرد کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی نێجیریا و ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئەفریقییە، چەندین ڕاهێنەری عێراقی لەناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی “داعش” کوژراون.
بەپێی سەرچاوە سەربازی و هەواڵگرییەکانی نێجیریا، لە هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئەم دواییەدا، 175 سەرکردە و چەکداری داعش لەناوچوون. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەنێو کوژراوەکاندا ژمارەیەک “ڕاهێنەری عێراقی” هەبوون، کە ئەرکیان ئامادەکردن و مەشقپێکردنی چەکدارانی داعش بووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی. هەروەها ئاشکرا بووە کە ئەو ڕاهێنەرە عێراقییانە پلانیان هەبووە تەنها دوو ڕۆژ دوای هێرشەکە ناوچەکە جێبهێڵن، بەڵام بەر لە هەڵاتنیان کراونەتە ئامانج.
سامایلا ئۆبا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری نێجیریا، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشەکاندا “ئەبو بیلال ئەلمەنکی” کوژراوە، کە لەلایەن حکومەتی نێجیریا و ئەمریکاوە وەک “کەسی دووەمی داعش لەسەر ئاستی جیهان” دەناسرێت.
هەروەها چەندین سەرکردەی تری دیاری ڕێکخراوەکە کوژراون، لەوانە:
• عەبدولوەهاب، ەرکردەی داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریقا و بەرپرسی هێرشەکان و پڕوپاگەندە.
• ئەبو موسا ئەلمەنجەوی، سەرکردەیەکی دیاری ڕێکخراوەکە.
• ئەبو موسەنا ئەلموهاجیر، بەرپرسێکی باڵای میدیایی و کەسی نزیک لە “ئەلمەنکی”.

سوپای نێجیریا ڕایگەیاند کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگییەکی ورد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە. زنجیرە هێرشەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بوون و بە یەکێک لە گورزە هەرە بەهێزەکان بۆ سەر پاشماوەکانی داعش لە کیشوەری ئەفریقا دادەنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

یاسین

راگەیندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

یاسین

سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت

یاسین