سەرچاوەیەکی حکومی لە پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ شەممە، 23-5-2026 ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی حەمرین، بەشێک لە ڕێگای سەرەکیی پردی حەمرین (کە بە درێژترین پردی عێراق دادەنرێت) تووشی داڕمان بووە و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.
سەرچاوەکە بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، “شاندێکی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەکانی دیالە، سەردانێکی مەیدانییان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی پردەکە ئەنجامداوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی بارانێکی زۆرەوە ئاستی ئاوی دەریاچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.”
ئاماژەی بەوەش کردووە کە داڕمانێکی مەترسیدار لە بەشە خۆڵییەکانی سەرەتای پردەکە (مەقتەبات) ڕوویداوە، بەڵام تا ئێستا کۆڵەکە و بەشە کۆنکرێتییەکانی پردەکە سەلامەتن. سەرچاوەکە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم داڕمانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر شۆفێران و گەشتیاران دروست دەکات، چونکە پردەکە پێشتر بە شێوەیەکی کاتی و بەر لە ڕادەستکردنی فەرمی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە کرابووەوە.
هەمان سەرچاوە ڕوونیکردەوە کە پێویستە پردەکە بە شێوەیەکی کاتی دابخرێت و ئەو داڕمانەی ڕوویداوە پڕبکرێتەوە، بەڵام بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەکانی پارێزگاکە بەدەست نەبوونی بودجەی پێویستەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەو تەنگژە داراییەی عێراقی گرتووەتەوە.
پردی حەمرین کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە، بە درێژترین پردی عێراق دادەنرێت و درێژییەکەی لەگەڵ ڕێگاکانی بەستنەوەی دەگاتە زیاتر لە 7 کیلۆمەتر، تێچووی دروستکردنی پردەکەش زیاتر لە 60 ملیار دینار بووە. نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بەهۆی تێکچوونی پردە کۆنەکە، پردە نوێیەکەیان بە شێوەیەکی کاتی بە ڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە.

