پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەمیشە دەنگدانەوەی گەورە لە میدیاکاندا دروست دەکات، بەتایبەت کاتێک ناوی یاریزانانی یانەی شاهانەی تێدا نەبێت. بەڵام ئەم بڕیارەی دێ لا فۆنتێ یەکەمین حاڵەت نییە لە مێژووی “لا ڕۆخا”دا، چونکە پێشتریش لویز ئێنریکی، ڕاهێنەری پێشووی ئیسپانیا، لە جامی یۆرۆی 2020دا هەمان هەنگاوی نا و هاندەرانی ڕیاڵ مەدریدی توڕە کرد.
لەم چوارچێوەیەدا، لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ یۆرۆی 2020، لە کاتێکدا یاساکانی پاڵەوانێتییەکە ڕێگەیان بە ئێنریکی دەدا 26 یاریزان بۆ لیستەکەی دەستنیشان بکات، ئەو تەنیا 24 یاریزانی بانگهێشت کرد. غافڵگیرکردنی گەورەش ئەوە بوو کە لە نێو ئەو لیستە کورتکراوەیەدا، ناوی هیچ یاریزانێکی ڕیاڵ مەدرید بەدی نەدەکرا، کە ئەمەش هاوشێوەی بڕیارەکانی ئێستای دێ لا فۆنتێیە.
سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارە مشتومڕاوییە، ئێنریکی لەو کاتەدا بەرگری لە ستراتیژییەتەکەی خۆی کرد و ڕایگەیاند: “نامەوێت فشار لەسەر تیپەکەم دروست بکەم، دەمەوێت هەلی یاریکردن بە سەرجەم یاریزانەکانم بدەم، بۆیە تەنیا 24 یاریزانم بانگهێشت کردووە.” بەمەش سەلماندی کە متمانەی تەواوی بەو گروپە هەیە کە هەڵیبژاردوون بەبێ پشتبەستن بە ئەستێرەکانی پایتەخت.

