فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری لەبارەی دۆخی ئابووریی وڵات دەدات و ڕایدەگەیێنێت، لە ئەگەری بەردەوامبوونی داخرانی گەرووی هورمز، عێراق ڕووبەڕووی “کارەساتێکی دارایی گەورە” دەبێتەوە و توانای دابینکردنی مووچەی نامێنێت.
فوئاد حوسێن، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسایشی دارایی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، و هەر پەککەوتنێکی ئەو ڕێڕەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان دەبێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: “ئەگەر داخرانی گەرووی هورمز بەردەوام بێت، وڵاتەکە ڕووبەڕووی کارەساتێکی دارایی گەورە دەبێتەوە، بەجۆرێک کە حکومەت توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نابێت.”
ئەم هۆشدارییەی وەزیری دەرەوە لەکاتێکدایە، عێراق پشتبەستنی تەواوی بە داهاتی نەوت هەیە بۆ پڕکردنەوەی بودجەی گشتی و دابینکردنی مووچە، گەرووی هورمزیش سەرەکیترین ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
شارەزایانی ئابووری دەڵێن، هەر گرژییەک لە ناوچەکە کە ببێتە هۆی داخستنی ئەو گەرووە، نەک تەنیا عێراق بەڵکو بازاڕی وزەی جیهانیش تووشی شۆک دەکات، بەڵام بۆ عێراق کە ئابوورییەکەی “تاک سەرچاوەیە”، مەترسییەکە گەورەتر و کتوپڕتر دەبێت.

