سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە وەزیری كارەبای عێراق دەكات و رایدەگەیەنێت، کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە2-5-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای فیدراڵ کرد.
سەرۆكی حكوومەت دەڵێت: “گفتوگۆمان لەبارەی کار و پڕۆژە و چاکسازییەکانی کەرتی کارەبا و پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا کرد”.
سەرۆكی حكوومەت، گوتی: “ئاماژەمان بە هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و دووپاتمان کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت.
ئەوەش هاتووە: “هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانمان بۆ هەر هاریکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە کە پێویستە ئەنجامدانی هەر کار و پڕۆژەیەکیش تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.”
لەكۆتاییدا، وەزیری کارەبای عێراق ستایشی هاوئاهەنگیی و پەیوەندی باشی نێوان هەردوو وەزارەتی فیدراڵ و هەرێمی کرد بە ئاراستەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان کە ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە.