درامای جیهانی “Lupin” ئامادەیە بۆ ئەوەی بۆ وەرزی چوارەم بگەڕێتەوە سەر شاشەکان و درێژە بە چیرۆکی دزە زیرەکەکە ئاسان دیۆپ بدات.
ڕاگەیاندنی وەرزی نوێ بووەتە هۆی دروستبوونی ورەیەکی زۆر لەلایەن هەوادارانی ئەم بەرهەمە لە جیهاندا، بەتایبەت دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی وەرزەکانی پێشوو بەدەستیانهێنا.
وەرزی سێیەم بە ڕووداوی پڕ لە هیجان کۆتایی هات، دوای ئەوەی ئاسان دیۆپ بڕیاری دا خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات بۆ پاراستنی خێزانەکەی، ئەمەش وای کرد بینەران چاوەڕێی ئالنگاری نوێ بن لە ژیانی ئەم کارەکتەرەدا.
چاوەڕوان دەکرێت وەرزی چوارەم بەشێکی نوێ لەبارەی ژیانی دیۆپ ئاشکرا بکات، تێیدا ڕووبەڕووی کێشەی ئاڵۆز دەبێتەوە و بەردەوام بە زیرەکییە ناوازەکەی و پلانە تۆکمەکانی هەوڵی دەربازبوون دەدات.
چیرۆکەکە لەناو شەقامەکانی پاریس و شوێنەوارە ناسراوەکانیدا دەگوزەرێت، کە ئەمەش ڕەهەندێکی جوانی بە کارەکە بەخشیوە. بڕیارە ئەم وەرزە لە 23ی ئۆکتۆبەر لەسەر پلاتفۆرمی نێتفلێکس نمایش بکرێت.
بەرهەمهێنەرانی زنجیرەکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، ئەم وەرزە ئاستی بینینی زۆر بەرز تۆمار دەکات. لەم بەرهەمەدا چەندین رووخساری ناسراو بەشدارن، وەک عومەر سی، لودێڤین سانیێ، هێرڤێ پیێر و چەندین ئەکتەری دیکە.

