zagros news agency

پایتەختی ئیتاڵیا لەلایەن لایەنگران و نەیارانی کۆچبەرییەوە تەندراوە

 

دەیان هەزار کەس لە لایەنگران و نەیارانی کۆچبەری لە شەقامەکانی ڕۆما خۆپێشاندانیان ئەنجام دا. ئەو ڕێپێوانانە دوای ئەوە دروست بوون، پڕۆژە پێشنیازێک بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێکاری توند دژی کۆچبەران، پشتگیریی پێویستی بۆ چوونە ناو پەرلەمان بەدەست هێنا.

ڕۆژی شەموو ١٤ی حوزەیران (٢٤ی جۆزەردان)، دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئیتاڵیا لە شەقامەکانی ڕۆمای پایتەخت، بۆ پشتگیریکردن لە کۆچبەری ڕژانە سەر شەقام. هاوکات هەزاران خۆپێشاندەر لە سەرتاسەری ئیتاڵیاوە هاتبوونە ڕۆما و بەشدارییان لە ڕێپێوانی پشتگیریکردن لە باڵی ڕاست و دژە کۆچبەریدا کرد.

ئەو ڕێپێوانە دوای ئەوە بەڕێوە چوو، دەسپێشخەرییەکی مەدەنی بە ناوی “کۆچبەریی پێچەوانە و وەرگرتنەوە” کە داوای گرتنەبەری ڕێکاری توند دژی کۆچبەران دەکات، ٥٠ هەزار واژۆی پێویستی بۆ ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان کۆ کردەوە. زۆرێک لە خۆپێشاندەران دەستیان وەک نیشانەی سڵاوی فاشیستی بەرز کردەوە و هاواری “دووچێ” (ڕێبەر)یان دەکرد؛ ئەو نازناوە ئاماژەیە بۆ بینیتۆ مۆسۆلینی، دیکتاتۆری فاشیست، لە ساڵی ١٩٢٢ تا کاتی لادانی لە ساڵی ١٩٤٣ فەرمانڕەوایی ئیتاڵیای کردووە.

زاراوەی “کۆچبەریی پێچەوانە” لە ساڵانی دواییدا لەلایەن گرووپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانەوە لە سەرتاسەری ئەورووپا وەک بەشێک لە داواکارییەکان بۆ سنووردارکردنی کۆچبەری و کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی بیانی، لەوانە لە ڕێگەی دەرکردنەوە، بەکار هێنراوە. لە لایەکی تری ڕۆما، دەیان هەزار کەس لە چەند گرووپێکی چەپڕەو و سەندیکا کرێکارییەکان بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکی ڕکابەردا بۆ پشتگیریکردن لە کۆچبەری کرد.

ڕۆبێرتۆ ماسۆچی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕۆما گوتی، هەزاران هێزی پۆلیس بۆ “ئاسانکاری لە فەزای ئازادی و دەربڕین” بڵاوەیان پێ کراوە. هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی توندوتیژی بڵاو نەکراوەتەوە.

پرسی کۆچبەری بووەتە ئاڵێنگارییەکی سیاسیی ئاڵۆز بۆ هاوپەیمانیی ڕاستڕەوی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا. هەرچەندە پارتی ڕاستڕەوی پۆپۆلیست و دژە کۆچبەری “لێگا” (لیگ) پێشوازیی لە گفتوگۆکانی دەوروبەری پڕۆژەی “کۆچبەریی پێچەوانە” کردووە، بەڵام پارتی “برایانی ئیتاڵیا”ی مێلۆنی و هاوبەشە میانڕەوەکانی هاوپەیمانییەکەی، بە وریاییەکی زیاترەوە مامەڵە دەکەن.

ڕەخنەگرانی “کۆچبەریی پێچەوانە” نیگەرانیی خۆیان لەبارەی یاساییبوونی پڕۆژەکە دەربڕیوە، دەڵێن ئەو پڕۆژەیە لەسەر بنەمای پێشینەی نەتەوەیی جیاکاری دەکات و دەستووری ئیتاڵیا و یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا پێشێل دەکات. حکوومەتی مێلۆنی لە کاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە، هەوڵی داوە کۆچبەریی یاسایی بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی کەمیی هێزی کار لە کەرتە جیاوازەکاندا پەرە پێ بدات. لە ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥، ئیتاڵیا ڕێگەی بە ٤٥٢ هەزار کرێکاری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا داوە بێنە ناو وڵاتەکەوە.

ڕێپێوانی نەیاران و لایەنگرانی کۆچبەری لە ڕۆما، ڕۆژێک دوای ئەوە بەڕێوە چوو، یەکێتیی ئەورووپا یاسای نوێی لەبارەی شێوازی مامەڵەکردنی وڵاتانی ئەندام لەگەڵ کۆچبەریی نایاسایی و پەنابەران ناساند.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەگەر لە خاکی سووریاوە هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەیان هەبێت، وەڵامی پێویست دەدەنەوە

سەڵاح

هاوینی ئەمساڵ پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو دەبێت

سەڵاح

تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی نەمسا کوژراوی لێکەوتەوە

یاسین