هونەرمەند جۆن فۆجێرتی ڕایگەیاند، فیلمێکی نوێ کە باس لە ژیانی ئەو دەکات ئێستا لە قۆناغی پەرەپێداندایە و کارکردن لەسەر نووسینی سیناریۆکەی دەستی پێکردووە.
لە کاتی ئامادەبوونی لە 55ەمین ڕێوڕەسمی ساڵانەی هۆڵی ناوبانگی نووسەرانی گۆرانی، فۆجێرتی دڵخۆشی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەمە شانازییەکی گەورەیە کە فیلمێک لەبارەی ژیانی ئەو بەرهەم بهێنرێت.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەو ئەکتەرەی کە دەیەوێت ڕۆڵی ئەو بگێڕێت، ئەو لەو بڕوایەدایە، تیمۆسی شالامێت باشترین بژاردەیە.
ئەم هەڵبژاردنەی فۆجێرتی دوای ئەو ستایشە بەربڵاوە دێت کە تیمۆسی شالامێت بەدەستی هێنا بەهۆی ڕۆڵگێڕانی کەسایەتی بۆب دیلان لە فیلمی “A Complete Unknown”، تێیدا گۆرانییەکانی بە دەنگی خۆی پێشکەش کرد.
فۆجێرتی یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندانی موزیکی ڕۆکی ئەمریکی و پێشەنگی گرووپی کریدنس کلیرووتر ڕیڤایڤل بووە. هەرچەندە زانیاری ورد لەبارەی فیلمەکە نەدراوە، بەڵام فۆجێرتی ڕوونیکردەوە، ئەو ڕازی دەبێت بە هەر ئەکتەرێک کە هەڵبژێردریت، چونکە تەنیا دەیەوێت چیرۆکی ژیانی بە ڕاستگۆیی بگوازرێتەوە بۆ سەر شاشە گەورەکان و ببێتە هاندەر بۆ نەوەکانی دیکە.

