zagros news agency

شاسوار عەبدولواحید؛ وتەبێژی نوێی یەکێتی یان نەیاری قەوارەی هەرێم؟

 

ئێوارەى دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ زۆر قسەیکرد و زۆر بابەتیشى وروژاند، جیاواز لە لێدوانەکانی پێشووی، پێویستە هەموو قسەکانى ئەم جارەى هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت، چونکە قسەکانى بەناوى هاوپەیمانیەتى لەگەڵ یەکێتى و، لە کاتێکى هەستیار و قۆناغێکى پڕ ئاڵنگاریی بۆ هەرێمى کوردستان و ئایندەى کورد لە عێراق و ناوچەکە دا بوون.

هاوپەیمانیەتى نەوەى نوێ و یەکێتى
ڕەنگە هەستى پێکرابێت یاخود زانیارى هەبووبێت، بەڵام تا دوێنێى قسەکانى شاسوار بەو ڕوونى و زوڵاڵیە پێناسەى ئەو هاوپەیمانیەتییە و ئامانجەکانى نەکرابوو، شاسوار ئەو ڕاستیەى دووپاتکردەوە کە ئامانجى سەرەکى هاوپەیمانیەتییەکەیان لەگەڵ یەکێتى دژایەتیکردنى پارتییە، ئاستى دژایەتییەکەشى دەرخست بەوەى کە ئەگەر ئەوەى هاوپەیمانیەتییەکەیان دەیەوێت نەیەتى دى و پارتى لە پڕۆسەى سیاسى دورنەخرێتەوە! تا کۆتاییهێنان بە قەوارەى بە خوێن و قوربانیدان بەدەستهاتووى هەرێم، دەڕۆن و کاردەکەن. پرسیار ئەوەیە؛ ئایە نەمان یان نەهێشتنى ئەم هەرێمە ئاوا ئاسانە؟

شاسوار و پڕۆسەى هەڵبژاردن و دەنگى خەڵک
بوونى شاسوار عەبدولواحید و جوڵانەوەکەى لە شانۆى سیاسى هەرێم و بەغدا دەرئەنجامى پڕۆسەى هەڵبژاردن و دیموکراسییە، ئەگەر دەنگى خەڵک نەبووایە هەرگیز قسە و ڕۆڵى شاسوار لە پڕۆسەى سیاسیی دا بەو جۆرە نەدەبوو و هەر لە چوارچێوەى دروشمى میدیایى و پەرژینەکەى چاڤى لانددا دەمایەوە، شاسوار ئەگەر کەمێک دەنگ و سەنگ و پڕۆسەى هەڵبژاردنى لا گرنگ بووایە، هەروەها زانیارى لەبارەى مێژووى پارتى و واقعى هەرێمى کوردستانى هەبووایە، هەرگیز ڕێگاى بەخۆى نەدەدا بەم شێوەیە قسە و ڕەفتار بەرامبەر سەنگ و دەنگ و پێگەى پارتی و ئایندەى هەرێمى کوردستان بکات. هیچ هەنگاو و بڕیارێکى سیاسى بەبێ ڕەچاوکردنى ئەو بابەتانە ئەنجامى نابێت بەڵکو بێ ئەنجام و کارەساتبار دەبێت. لێرەوە دەردەکەوێت کە جوڵانەوەى نەوەى نوێ پاڵپشتى خەڵکى تەنیا بۆ دروستکردن و مانەوە و بەردەوامى خۆى دەوێت نەک بۆ خەم و خزمى گەل، لە هیچ دروشمێکى هەڵبژاردندا شاسوار و نەوەى نوێ بەخەڵکیان نەگوت دەنگمان پێبدەن بۆ ئەوەى لەگەڵ یەکێتى هاوپەیمانیەتى بکەین دژى پارتى، نەیانگوت ئەگەر ئێمە کورسى پەرلەمانى بەدەست بێنین لەگەڵ یەکێتى هاوپەیمانیەتى دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێم، کەواتە بێ دوودڵى پێویستە نەوەى نوێ لە ئێستاوە خۆى بۆ بریار و شەق و دەنگى خەڵک لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئایندەدا ئامادەبکات.

شاسوار وەک وتەبێژى یەکێتى
لە قسە و وەڵامدانەوەى پرسیارەکان زۆر جار شاسوار وەکو وتەبێژى یەکێتى دەردەکەوت نەک سەرۆکى نەوەی نوێ، پرسیار ئەوەیە یەکێتى ئەو وتەبێژەى قبوڵە؟ چونکە کۆمەڵێک بڕیار و ڕاى هاوپەیمانیەتیەکەیانى ڕاگەیاند کە ئەگەر ئەوە ڕا و ئاراستەى یەکێتى نیشتمانى بێت پێویستى بە هەڵوەستەى جدی هەیە چ لەسەر ئاستى جەماوەرى و ڕاى گشتى، چ لەسەر ئاستى مامەڵەى سیاسى لەگەڵ یەکێتیدا، دەکرێت هەندێک بابەت و بڕیار کە هی شاسواربن چاوپۆشیان لێبکرێت و تێبپەڕن بە ڕەچاوکردنى کەم ئەزموونى و پێگەى شاسوار و حزبەکەى، بەڵام هەرگیز ناکرێت ئەوە لە یەکێتى قبوڵبکرێت چ لەسەر ئاستى خەڵک و تێکۆشەرانى ئەم نیشتمانە چ لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، بۆیە باشترین شت کە بکرێت ئەوەیە بەر لە هەر لایەن و دامەزراوەیەکى هەرێمى کوردستان یەکێتى خۆى وەڵام و ڕوونکردنەوەى لەبارەى لێدوانەکانى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ هەبێت.

مامەڵەى سیاسى لەگەڵ هاوپەیمانیەتى یەکێتى و نەوەى نوێ

یەکێتى و بافڵ تاڵەبانى دەڵێن هاوپەیمانیەتەکەمان (٣٩) کورسییە، لە کاتێکدا (٣٨) کورسى دیارە و کورسیەکەى دیکە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە کێیە و چ لایەنێکە، شاسوار لەو ژمارەیەش زیاتر دەڵێت. بەڵام کەسیان ڕاستى دروستکردن و پێکهێنانى هاوپەیمانیەتییەکە ناڵێن، هەرگیز دان بەوە دانانێن کە ئەو هاوپەیمانیەتییەیان دەرئەنجامى شەقى زیندان و، ڕێنوێنى و بڕیارى دەرودراوسێیە.
کورسییەکى پەرلەمانى کە بە زەبرى زیندان، زەوتکردنى ئیڕادە و دەنگى خەڵک و چاوترساندن و فشارى دەرودراوسێ خرابێتە ناو چوارچێوەى هاوپەیمانیەتییەک، ئەو چ جۆرە کورسى و ژماریەکە؟! چۆن ئەوە لە پارتى دیموکراتى کوردستان کە حزبى مێژوو و قوربانیدان و جێگاى ئۆمێدى کوردستانە، چاوەڕێى و قبوڵ دەکرێت کە بیخاتە سەر مێزى گفتوگۆ و دانوستاندن و ئایندەى ئەو قەوارەیەى لەسەر بنیات بنێت؟ بۆیە پێموانیە هەرگیز پارتى و هێزە خەمخۆرەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانیەتیە ناکەن.

ماوەتەوە بڵێم، گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر ئێستا و ئایندەى هەرێمى کوردستان هەیە، ئاراستەى بڕیارەکان بە ئامانجى بەهێزکردنى قەوارە و دامەزراوەکانە لەم ناوچەیەدا، بۆ ئەوەش پشت بە بڕیار و دەنگى خەڵک و پڕۆسەى هەڵبژاردن و دیموکراسى دەبەسترێت نەک بە گەلەکۆمێ و هاوپەیمانیەتى بێ بنەما، مەترسیەکان زۆرن بەڵام دەرفەتیش هەن و ئایندە گەشە، لە داهاتوودا وەڵام و دەرئەنجامى زۆر لەو ئاکار و ڕەفتارانە دەبینین؛ ئەو گۆمەى بە گوتەى خۆیان شڵقاندویانە، دوور نیە هەر خۆیانى تێدا بخنکێت.

عومەر بەکر

هەواڵی پەیوەندیدار

تەبایی بوون هەوێنی سەرکەوتنە

یاسین

‏‎پرسی یەکڕیزی ناوماڵی کورد لە گوتارەکانی نێچیرڤان بارزانیدا

دڵشاد

ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ چیای شه‌نگال راگه‌یاند

دڵشاد