پاکستان ڕایگەیاند مانگێکە لە “شەڕێکی ئاشکرا” لەگەڵ ئەفغانستاندایە و شەوی ڕابردوو چەند ئامانجێکی لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە پێکا. هاوکات لە ناوچە سنوورییەکانیش ئۆپراسیۆنی زەمینی ئەنجام درا.
شەوی یەکشەممە ٢٨ی حوزەیران، پاکستان جارێکی دیکە ئامانجگەلێکی لە وڵاتی هاوسێی، ئەفغانستان، پێکا. عەتاوڵا تارر، وەزیری زانیاریی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی هێزە تەناهییەکانی ئەو هێزە ئەتۆمییە، لەسەر سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان ئۆپراسیۆنی زەمینییان ئەنجام داوە.
بە گوتەی تارر، لە درێژەی ئەو ئۆپراسیۆنەدا، حەشارگە و شوێنی جێگیربوونی گروپەکان، لەوانە تاڵیبانی پاکستان (تەحریکی تاڵیبان) لەسەر هێڵی سنووری کرانە ئامانج. وەزیری زانیاریی پاکستان گوتی لەو “هێرشە وردانەدا”، سێ ئامانج لە ویلایەتەکانی پەکتیا، پەکتیکا و کونەر لەناو براون و ٢٥ تیرۆریستی گومانلێکراو کوژراون.
وەزیری زانیاریی پاکستان ئەم هێرشانەی وەک وەڵامێک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی ناو وڵاتەکەی وەسف کرد. دواین حاڵەت، ڕۆژی شەمووی ڕابردوو لە شاری بەندەریی کەراچی ڕووی دا و تێیدا سێ ئەندامی هێزە تەناهییەکان کوژران. پاکستان گروپی چەکداری “جەماعەتولئەحرار” بە بەرپرسیاری ئەو هێرشە دەزانێت؛ گروپێک زۆربەی کات بە بەستراوە بە تاڵیبانی پاکستان دادەنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، جێگری گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان قوربانییانی هێرشەکانی پاکستانی لە سێ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بە “سڤیل” ناو برد و گیانلەدەستدانی ٣٦ کەسی ڕاگەیاند، ژن و منداڵیشیان تێدایە. حەمدوڵا فترەت لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: «هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بوونە هۆی شەهیدبوونی ٣٦ کەسی سڤیل، لەوانە ژن و منداڵ، هەروەها ١٦٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.»
لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، هەردوو وڵاتی هاوسێ چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر. ئیسلام ئاباد حکوومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات پەناگەی بۆ گروپە چەکدارە توندڕەوەکان دابین کردووە، بەڵام کابول ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

