zagros news agency

سەرۆک‌وەزیرانی عێراق: دوای واشنتۆن سەردانی تورکیا و ئێران و سعودیە دەکەم

عەلی زەیدی، سەرۆک‌وەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی بەرفراواندا لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)، کۆمەڵێک پرسی گرنگی سیاسی و ئابووری ڕاگەیاند و جەختی لەسەر سەروەریی عێراق و چاکسازییە ناوخۆییەکان کردەوە.
زەیدی ڕایگەیاند کە شەڕی دژی گەندەڵی بڕیارێکی کۆتاییە و پاشەکشەی تێدا نییە. ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەن “ڕێککەوتن” لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە ئامادەن پارە دزراوەکان بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە، بەڵام بەرامبەر ئەوانەی ڕەدی دەکەنەوە ڕێکاری توند دەگرنە بەر.
ڕایگەیاند کە ئەو وەک سەرۆک‌وەزیران نە مووچە و نە دیاری وەرناگرێت، هەروەها بۆ خولی داهاتوو خۆی کاندید ناکاتەوە و هیچ پارتێکی سیاسی دانامەزرێنێت، چونکە دەیەوێت تەنیا خزمەت بکات.
جەختی کردەوە کە تا کۆتایی ئەمساڵ لە ڕێگەی “کۆنفرانسی سەروەری نیشتمانی” کۆتایی بە دیاردەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دەهێنن. وتیشی: “ڕێگە بە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی نادەین، بڕیاری عێراق تەنیا لە دەستی گەل و پەرلەماندایە.”
ئاشکرای کرد کە دوای سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، بە مەبەستی کاری هاوبەش سەردانی وڵاتانی تورکیا، ئێران و سعودیە دەکات. هەروەها وتی لێکۆڵینەوە لە هەر هەوڵێک دەکەن کە بیەوێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و کەنداو بەکاربهێنێت.
دڵنیایی دا کە مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت پارێزراوە و بەردەوام دەبێت. ڕایگەیاند کە خەریکی گۆڕینی یاسا ئابوورییە کۆنەکانن بۆ ئەوەی عێراق بەرەو ئابوورییەکی مۆدێرن و بازاڕی ئازاد ببەن و پشتبەستن بە نەوت کەم بکەنەوە.
ئاشکراشی کرد: حکومەت بە نیازە سندوقێکی نیشتمانی بۆ گەشەپێدان دابمەزرێنێت و داوا لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و بانکە جیهانییەکان دەکات وەک وەبەرهێنەر تێیدا بەشدار بن.
ئاماژەی بەوە کرد کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هەستی بە پشتگیرییەکی زۆر کردووە بۆ هەنگاوەکانی عێراق، و جەختی کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نووری مالیكی: ده‌بێت چه‌ك ته‌نیا له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بێت

یاسین

دووەمین دیداری مەقام لە کەرکووك بەڕێوەدەچێت

ART

محەممەد عەباس بەهرام کۆچی دواییکرد

ART