دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە،29-6-2026 ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای زیندانی، غەرامەی دارایی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری دەستەی گشتیی باج و هاوسەرەکەیدا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارە.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە،
”دادگاکە سزای 10 ساڵ زیندانی بە شێوازی ئامادەبوو بەسەر (ئوسامە حوسام جەودەت) بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری دەستەی گشتیی باج، و سزای 5 ساڵ و یەک مانگ زیندانی بەسەر هاوسەرەکەیدا سەپاندووە، ئەمەش بەپشتبەستن بە سزاکانی ماددەی (26) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دارایی تیرۆر.”
بەپێی بەیاننامەکەی دەستەی دەستپاکی، بڕیارەکەی دادگا چەندین ڕێکاری توندی دارایی لەخۆگرتووە
یەکێک لەوانە هەردوو مەحکسزادراوەکە بە هاوبەشی بڕی 22 ملیار دینار سزای دارایی کراون.
هەروەهادەستبەسەرداگرتنی 10 خانوووبەرە لە بەغدا و 12 خانوو لە تورکیا کە بە ناوی هاوسەری تۆمەتبارەکەوە تۆمارکراون.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە، دەستبەسەر تەواوی ئەو پارە کاشانە و کرێی خانوووبەرەکان و زێڕ و
هەژمارە بانکییەکان و ئەو پارانەی کە لە “بانکی کوێتی” و “بانکەکانی تورکیا”دا دانراون گیراوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە دادگا، دوای پێداچوونەوە بەو بەڵگانەی لەم کەیسەدا کۆکراونەتەوە، بەڵگەکانی بە تەواو دروست زانیوە بۆ سەلماندنی تاوانەکە؛ بۆیە بڕیاری سزادانی بۆ دەرکردوون و هاوکات بڕیاری هێشتنەوەی دەستبەسەراگرتنی بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا داوە.

