zagros news agency

هەوڵی توێژەران بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی دەرمان لە دەریای بەڵتیکدا

 

توێژەرانی چوار وڵاتی باکووری ئەوروپا هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی ئاستی ڕێژەی دەرمانەکانی وەک پاراسیتامۆڵ، ئەیبۆپڕۆفین، کاربامازپین و دیکلۆفیناک لە ئاوەکانی دەریای بەڵتیکدا و جەخت دەکەنەوە کە دەستکاریی شێوازی دەرماننووسین و فڕێدانی دەرمانەکان دەتوانێت ئاستی چوونی کیمیاییەکان بۆ ناو دەریاکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

دەریای بەڵتیک کە لە لایەن ۹ وڵاتی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە دەورەدراوە، یەکێکە لە پیسترین دەریاکانی جیهان.

بێجگە لە چەکی کیمیایی بەجێماوی جەنگی جیهانیی دووەم، پێکهاتەی نیوە‌بەستراوی دەریاکە بەرامبەر بە ڕێژەی مایکرۆپلاستیک، ماددە کیمیاییە پیشەسازییەکان و ئاوی دەرمانی نەخۆشخانەکان و ئاوەڕۆی ماڵان زۆر هەستیارە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی یونسکۆ، تەنها وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوەڕۆ ساڵانە هەزار و ٨۰۰ ۆن دەرمان دەرژێننە ناو دەریای بەڵتیکەوە، چونکە زۆربەی وێستگەکان هێشتا بە قۆناغی چوارەمی پاڵاوتن کە تایبەتە بە سڕینەوەی پاشماوەی دەرمانی، مۆڵەت نەدراون.

ئاوێتەی «کاربامازپین» کە بۆ نەخۆشیی فێ و دەمار بەکار دێت، ۳ ساڵ و نیوی پێویستە تا نیوەی تێکبشکێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی درێژخایەنی لە سەرچاوە ئاوییەکاندا.

مارمار نکۆرۆ و بیۆرن وەترمایک لە زانکۆی ئۆپسالا ئاماژەیان بەوە کرد کە مەترسیی سەرەکی لەسەر جۆرە ئاوییە نەگەڕێنراوەکانە (Non-target species).

هەروەها سەدەفی شینی بەڵتیک (Mytilus edulis) کە ئاوەکە دەپاڵێوێت، لە کاتی بەرکەوتنی بە ئازارشکێنەکاندا، وزەیەکی کەمتری بۆ میتابۆلیزم و گەشەی ئاسایی بۆ دەمێنێتەوە.

کریستینا گاروالینە، توێژەر لە زانکۆی ڤیلنیۆس، جەختی لەسەر چەمکی «دەرماننووسینی ژیرانە» (Rational prescribing) کردەوە؛ بە جۆرێک کە پزیشکان لە کاتی بوونی چەند بژاردەیەکی دەرماندا، ئەو دەرمانە هەڵبژێرن کە کەمتر زیان بە ژینگە دەگەیەنێت (وەک کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دیکلۆفیناک).

توێژەران داوا دەکەن هۆشیاری سەبارەت بە گەڕاندنەوەی دەرمانە بەکارنەهێنراوەکان بۆ دەرمانخانەکان بەرز بکرێتەوە تا لە ڕێگەی توالێت یان زبڵدانەوە نەچنە ناو ژینگەی ئاوی.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پێویستە ڕێنمایی زانستی و ڕاهێنانی تایبەت بە پزیشکان بدرێت تا لە زیانە ژینگەیییەکانی ئەو دەرمانانەی دەیاننووسن ئاگادار ببنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک له بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر

یاسین

چاودێریی دارایی عێراق؛ لە مانگی داهاتوو لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە وردبینی نابێت

سەڵاح

شرۆڤەکارێکی ئێرانی: دەتوانین لە دوو هەفتەدا چەکی ئەتۆمی دروست بکەین

یاسین