zagros news agency

” رۆڵی دیاسپۆرای كوردی لەدەرەوەی فەزای نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم” شڤان حمدی یە‌كێك لە‌ هەرە جوانترین ڕەهەندەكانی ناسیۆنالیزم، ئەو هەستە قووڵەیە كە چەمكی “كۆمەڵگەی خەیاڵكرد” لە چوارچێوەی جوگرافیایەكی دیاریكراودا بونیاد دەنێت. بەڕێز شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی كوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە پەیامێكی تایبەتدا بۆ بازنەی گفتوگۆ، بە ڕاشكاوی ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستا دیاسپۆرا “پارچەی پێنجەم”ی كوردستانی خوڵقاندووە. ئەم پارچە نوێیە، سەرجەم سنوورە دەستكردەكانی لەنێو خۆیدا تواندووەتەوە و كوردانی هەر چوار پارچەكەی لە دەوری یەك گوتاری نیشتمانی كۆكردووەتەوە. ئەم ڕاستییە لە بۆنە نەتەوەییەكانی وەك نەورۆز یان لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژە و كارەساتە نیشتمانییەكاندا بە ڕوونی دەركەوتووە و ، كاتێك ڕەوەندی كوردستانی بە كردەیی خۆی بە هاوبەش و خاوەنی ڕاستەقینەی خەم و ئازارەكانی تەواوی كوردستان دەزانێت. لەم فەزا نەتەوەییەدا، ئازاری هەر تاكێكی كورد لە هەر كونجێكی ئەم جیهانەدا بێت، وەك ئازاری جەستەیەكی یەكگرتووی نەتەوەیی وێنا دەكرێت و ئەم یەكبوونەس هەوێنی سەرکەوتنی گەورەی نەتەوەیە . لە فەلسەفەی سیاسیدا، زۆرینەی بیرمەندان بونیادنانی نەتەوە بە گەشەی سەرمایەداری و “شۆڕشی چاپ”ـەوە گرێ دەدەنەوە. ئەم دیدگایە پێی وایە کە پێویستییەکانی بازاڕ و کەڵەکەبوونی سەرمایە، نەتەوەکانی ناچار کردووە پەنا بۆ زمانێکی ستانداردی هاوبەش ببەن و لە ڕێگەی چاپەوە بەسەر کۆمەڵگەدا بیسەپێنن. بەڵام جۆرێکی دیکەی ناسیۆنالیزم کە لە ناوەندە فیکرییەکاندا کەمتر بایەخی پێ دراوە، “ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ‌دەوڵەتە”. ئەم فەرامۆشکردنەش بە پلەی یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەسەر ئەم هەسارەیە، جگە لە کورد، هیچ نەتەوەیەکی دیکەی خاوەن ئامارێكی ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆنی نییە کە بێبەش بێت لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. هۆکارێکی تری پەراوێزخستنی ئەم چەمکە، بۆ کزیی ئامادەیی ئەکادیمیستان و دەستەبژێری کورد لە ناوەندە لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکاندا دەگەڕێتەوە. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم واقیعە، یەکەمین کۆنفراسی سەنتەری “مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی” بوو لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتۆن لەژێر ناونیشانی “گەڕان بەدوای ناسنامە”. لەوێدا دەرکەوت کە تەنانەت توێژەرانی وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش، ئاگادارییەکی وردیان لەسەر مێژووی ئەم نەتەوە بێ‌دەوڵەتە نییە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم بازنە داخراوە، دامەزراندنی “فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی” وەک چەترێکی نەتەوەیی لە تاراوگە، مانا و ڕەهەندێکی نوێی بە “ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ‌دەوڵەت” بەخشییەوە. ئەم دامەزراوەیە سەلماندی کە ئەم لقە فەرامۆشکراوە، تەنیا لە هۆڵەکانی توێژینەوەدا بونیاد نانرێت، بەڵکو لە ئیرادەی پۆڵایینی تاکی نەتەوەوە بە شێوازێكی نوێی و ناوەزە لە ویژدانی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتدا دووبارە لە دایك دەبێتەوە. لێرەوە ڕەهەندێکی نوێ بۆ ناسیۆنالیزم دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە كە ناسیۆنالیزم تەنیا دەرهاویشتەی سەرمایەداری و چاپ نییە، بەڵکو زادەی ئەو ستەم و بێمافییە قووڵەیە کە نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەت لە غیابی قەوارەیەکی سەربەخۆدا هەستی پێ دەکات. ناسیۆنالیزمی کورد، لەبری ئەوەی تەنیا پرۆسەیەکی ئابووری بێت، ڕەوتی بەگژداچوونەوەی چەوسانەوە و گەڕانە بەدوای ئەو دادپەروەرییەی کە ساڵانێکی درێژە لە مێژووی سیاسیی جیهاندا لێی بێبەش کراوە. ئەوەی ئەمڕۆ بووەتە مایەی تێڕامان و نیگەرانییەکی قووڵ، دۆخی ئەو پێکهاتە مەعنەوییەیە کە وەک “پارچەی پێنجەمی کوردستان” لە تاراوگەدا ناسراوە. ئەم کۆمەڵگەیەی کە لە نێو جەرگەی بەها لیبڕاڵ دیموکراتەکانی ڕۆژئاوادا و وەک قەوارەیەکی خەیاڵکرد لەدایکبوو، ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و فشارگەلێک دەبێتەوە کە لە زۆر ڕووەوە لەو ستەم و چەوسانەوەیە دەچێت کە چوار پارچەکەی دیکەی نیشتمانی پێدا تێپەڕیوە. ئەوەی جێی هەڵوێستەیە، مامەڵەکردنی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپایە لەگەڵ پرسی پەنابەران، کە دوور لە هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە، پەنا بۆ سیاسەتی “دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ” دەبەن، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە زیاتر لە دوو دەیە تەمەنی خۆیان لەو کۆمەڵگەیانەدا بەسەر بردووە و بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی ئەو وڵاتانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک چۆن لە مێژووی سیاسیی خۆیدا بە توندی دژی هەر هەوڵێکی ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافی لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان وەستاوەتەوە، بە هەمان نەفەس و تێڕوانینیشەوە، دژایەتی ڕەهای خۆی بۆ گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەران دەربڕیوە. ئەم هەڵوێستە تەنها دروشم نییە، بەڵکو حکومەت بە فەرمی ڕێگری کردووە لەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە نا مرۆڤانەیە بەکاربهێندرێن. بەڵام جێی داخە کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە، پرۆسەی ناردنەوەی ئەو هاوڵاتییانە بەردەوامە، کە لە نێویاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە خوشک و برا ئێزدییەکانمان هەن، ئەو کەسانەی هێشتا برینی جەستە و ڕۆحیان بەدەست جەور و جینۆسایدی تیرۆریستانی داعشەوە ساڕێژ نەبووە. حکومەتی هەرێم، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و سنووردارییە داراییانەی کە بەرۆکی گرتووە، لە هەوڵێکی بێوچاندایە بۆ دووبارە تێهەڵکێشکردنەوەی ئەم پەنابەرە گەڕاوانە لە نێو جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیدا. بەڵام ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، ئەویش ئەوەیە کە قەبارەی گرفتەکان، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری، دابینکردنی هەلی کاری شایستە و پڕکردنەوەی کەلێنە زمانەوانی و کولتوورییەکان، لە سەرووی تواناکانی ئێستای حکومەتەوەیە. لە کۆتاییدا، پێویستە جەخت لەو ڕاستییە بکەمەوە کە لە ئێستادا تەواوی دیاسپۆرا و ڕەوەندی کوردستانی لە هەندەران، بە چاوێکی پڕ لە ئومێد و شکۆوە دەڕواننە ئەم قەوارە و بەشە ئازادەی هەرێمی کوردستان و هەولێریش وەک پایتەختی مەعنەوی و سیاسیی هەر پێنج پارچەکەی کوردستان دەبینن. لەم سۆنگەیەوە، ئەرکێکی نەتەوەیی و سیاسیی هەنووکەیی دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تەواوی هەوڵ و توانستە دیپلۆماسییەکانی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بخاتە گەڕ، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو و بنەڕەتی بۆ پرسی گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی کورد و پاراستنی کەرامەت و مافە یاساییەکانیان لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن.

شڤان حمدی

یە‌كێك لە‌ هەرە جوانترین ڕەهەندەكانی ناسیۆنالیزم، ئەو هەستە قووڵەیە كە چەمكی “كۆمەڵگەی خەیاڵكرد” لە چوارچێوەی جوگرافیایەكی دیاریكراودا بونیاد دەنێت. بەڕێز شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی كوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە پەیامێكی تایبەتدا بۆ بازنەی گفتوگۆ، بە ڕاشكاوی ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستا دیاسپۆرا “پارچەی پێنجەم”ی كوردستانی خوڵقاندووە. ئەم پارچە نوێیە، سەرجەم سنوورە دەستكردەكانی لەنێو خۆیدا تواندووەتەوە و كوردانی هەر چوار پارچەكەی لە دەوری یەك گوتاری نیشتمانی كۆكردووەتەوە. ئەم ڕاستییە لە بۆنە نەتەوەییەكانی وەك نەورۆز یان لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژە و كارەساتە نیشتمانییەكاندا بە ڕوونی دەركەوتووە و ، كاتێك ڕەوەندی كوردستانی بە كردەیی خۆی بە هاوبەش و خاوەنی ڕاستەقینەی خەم و ئازارەكانی تەواوی كوردستان دەزانێت. لەم فەزا نەتەوەییەدا، ئازاری هەر تاكێكی كورد لە هەر كونجێكی ئەم جیهانەدا بێت، وەك ئازاری جەستەیەكی یەكگرتووی نەتەوەیی وێنا دەكرێت و ئەم یەكبوونەس هەوێنی سەرکەوتنی گەورەی نەتەوەیە .
لە فەلسەفەی سیاسیدا، زۆرینەی بیرمەندان بونیادنانی نەتەوە بە گەشەی سەرمایەداری و “شۆڕشی چاپ”ـەوە گرێ دەدەنەوە. ئەم دیدگایە پێی وایە کە پێویستییەکانی بازاڕ و کەڵەکەبوونی سەرمایە، نەتەوەکانی ناچار کردووە پەنا بۆ زمانێکی ستانداردی هاوبەش ببەن و لە ڕێگەی چاپەوە بەسەر کۆمەڵگەدا بیسەپێنن. بەڵام جۆرێکی دیکەی ناسیۆنالیزم کە لە ناوەندە فیکرییەکاندا کەمتر بایەخی پێ دراوە، “ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ‌دەوڵەتە”. ئەم فەرامۆشکردنەش بە پلەی یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەسەر ئەم هەسارەیە، جگە لە کورد، هیچ نەتەوەیەکی دیکەی خاوەن ئامارێكی ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆنی نییە کە بێبەش بێت لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی.
هۆکارێکی تری پەراوێزخستنی ئەم چەمکە، بۆ کزیی ئامادەیی ئەکادیمیستان و دەستەبژێری کورد لە ناوەندە لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکاندا دەگەڕێتەوە. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم واقیعە، یەکەمین کۆنفراسی سەنتەری “مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی” بوو لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتۆن لەژێر ناونیشانی “گەڕان بەدوای ناسنامە”. لەوێدا دەرکەوت کە تەنانەت توێژەرانی وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش، ئاگادارییەکی وردیان لەسەر مێژووی ئەم نەتەوە بێ‌دەوڵەتە نییە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم بازنە داخراوە، دامەزراندنی “فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی” وەک چەترێکی نەتەوەیی لە تاراوگە، مانا و ڕەهەندێکی نوێی بە “ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ‌دەوڵەت” بەخشییەوە. ئەم دامەزراوەیە سەلماندی کە ئەم لقە فەرامۆشکراوە، تەنیا لە هۆڵەکانی توێژینەوەدا بونیاد نانرێت، بەڵکو لە ئیرادەی پۆڵایینی تاکی نەتەوەوە بە شێوازێكی نوێی و ناوەزە لە ویژدانی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتدا دووبارە لە دایك دەبێتەوە.
لێرەوە ڕەهەندێکی نوێ بۆ ناسیۆنالیزم دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە كە ناسیۆنالیزم تەنیا دەرهاویشتەی سەرمایەداری و چاپ نییە، بەڵکو زادەی ئەو ستەم و بێمافییە قووڵەیە کە نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەت لە غیابی قەوارەیەکی سەربەخۆدا هەستی پێ دەکات. ناسیۆنالیزمی کورد، لەبری ئەوەی تەنیا پرۆسەیەکی ئابووری بێت، ڕەوتی بەگژداچوونەوەی چەوسانەوە و گەڕانە بەدوای ئەو دادپەروەرییەی کە ساڵانێکی درێژە لە مێژووی سیاسیی جیهاندا لێی بێبەش کراوە.
ئەوەی ئەمڕۆ بووەتە مایەی تێڕامان و نیگەرانییەکی قووڵ، دۆخی ئەو پێکهاتە مەعنەوییەیە کە وەک “پارچەی پێنجەمی کوردستان” لە تاراوگەدا ناسراوە. ئەم کۆمەڵگەیەی کە لە نێو جەرگەی بەها لیبڕاڵ دیموکراتەکانی ڕۆژئاوادا و وەک قەوارەیەکی خەیاڵکرد لەدایکبوو، ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و فشارگەلێک دەبێتەوە کە لە زۆر ڕووەوە لەو ستەم و چەوسانەوەیە دەچێت کە چوار پارچەکەی دیکەی نیشتمانی پێدا تێپەڕیوە. ئەوەی جێی هەڵوێستەیە، مامەڵەکردنی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپایە لەگەڵ پرسی پەنابەران، کە دوور لە هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە، پەنا بۆ سیاسەتی “دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ” دەبەن، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە زیاتر لە دوو دەیە تەمەنی خۆیان لەو کۆمەڵگەیانەدا بەسەر بردووە و بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی ئەو وڵاتانە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک چۆن لە مێژووی سیاسیی خۆیدا بە توندی دژی هەر هەوڵێکی ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافی لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان وەستاوەتەوە، بە هەمان نەفەس و تێڕوانینیشەوە، دژایەتی ڕەهای خۆی بۆ گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەران دەربڕیوە. ئەم هەڵوێستە تەنها دروشم نییە، بەڵکو حکومەت بە فەرمی ڕێگری کردووە لەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە نا مرۆڤانەیە بەکاربهێندرێن. بەڵام جێی داخە کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە، پرۆسەی ناردنەوەی ئەو هاوڵاتییانە بەردەوامە، کە لە نێویاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە خوشک و برا ئێزدییەکانمان هەن، ئەو کەسانەی هێشتا برینی جەستە و ڕۆحیان بەدەست جەور و جینۆسایدی تیرۆریستانی داعشەوە ساڕێژ نەبووە.
حکومەتی هەرێم، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و سنووردارییە داراییانەی کە بەرۆکی گرتووە، لە هەوڵێکی بێوچاندایە بۆ دووبارە تێهەڵکێشکردنەوەی ئەم پەنابەرە گەڕاوانە لە نێو جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیدا. بەڵام ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، ئەویش ئەوەیە کە قەبارەی گرفتەکان، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری، دابینکردنی هەلی کاری شایستە و پڕکردنەوەی کەلێنە زمانەوانی و کولتوورییەکان، لە سەرووی تواناکانی ئێستای حکومەتەوەیە.
لە کۆتاییدا، پێویستە جەخت لەو ڕاستییە بکەمەوە کە لە ئێستادا تەواوی دیاسپۆرا و ڕەوەندی کوردستانی لە هەندەران، بە چاوێکی پڕ لە ئومێد و شکۆوە دەڕواننە ئەم قەوارە و بەشە ئازادەی هەرێمی کوردستان و هەولێریش وەک پایتەختی مەعنەوی و سیاسیی هەر پێنج پارچەکەی کوردستان دەبینن. لەم سۆنگەیەوە، ئەرکێکی نەتەوەیی و سیاسیی هەنووکەیی دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تەواوی هەوڵ و توانستە دیپلۆماسییەکانی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بخاتە گەڕ، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو و بنەڕەتی بۆ پرسی گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی کورد و پاراستنی کەرامەت و مافە یاساییەکانیان لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئایا هەرێم هەڵدوەشێتەوە؟

دڵشاد

كۆنفرانسی یەكڕیزی

یاسین

پێڤاژویا ئاشتیێ ل تورکیا بەربەست و دەرفەت

دڵشاد