بەهرە محەمەد
٨ ی مارس ڕۆژێکی ئاسایی نیە لەمێژووی مرۆڤایەتی، بەڵکو ڕۆژێکە تێیدا ئافرەت سەلماندی کە مافی هەیە و بۆ هێنانەدی ئەو مافانە خەباتی گەورەی کرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەر لەو ڕۆژە ئافرەتانی ئەمەریکا لە دژی چەوسانەوەو بێبەشکردنی مافەکانیان خەبات و تێکۆشانی گەورەیان کرد و لە ڕووی قوربانیدان و مانگرتن بۆ ڕێککردنەوەی ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرانبەریان ئەنجامدەدرا ، بە هەوڵی کۆمەڵە و دەستەی بەرگریکردن لە مافەکانیان توانیان لەکۆتاییدا وڵاتەکەیان ناچار بکەن کە دان بە مافە ڕەواکانیان دا بنرێت و ئەم ڕۆژە بکرێت بە ڕۆژی ئافرەتانی جیهانی، چونکە لەم ڕۆژەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریاندا دان بە مافەکانی ئافرەتان بنرێت ، ئەم هەنگاوەش بوو بە سەرەتایەک بۆ خەباتی ئافرەتان لە وڵاتانی تری جیهان.
لە کوردستانیش ئافرەتان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شانازین و بەرگریکارانە لە ڕووی مافەکانیان وەستاونەتەوە . هەروەها لەڕووی خەباتی نەتەوایەتیدا ئافرەتانی کورد لە ڕابردوودا ڕۆلێکی یەکجار کاریگەریان بینیووە لەبوارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەکەمان . هەروەک چۆن خانزادی میری سۆران یەکێکە لەو ئافرەتانەی سەرکردایەتی بەرەیەکی گەورەی میرنشینێکی کوردی کردووە دژ بە نەیارانمان. مەستوورەی ئەردەڵانی و حەپسەخانی نەقیب و چەندان ئافرەتی بەجەرگ و بوێری تر .. کە ڕۆلی گەورە و گرنگیان هەبووە لە ژیانی سیاسی و کەلتووری پەروەردەیی و ئەدەبیدا ، لە شۆڕشی کورد ئافرەتان هەمیشە شانبەشانی پیاوان لە خەباتی بەرگریکردنی خاک و نیشتیمانەکەماندابوون و پاڵپشت و خەمخۆری شۆڕش بوون. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان نموونەی زیندووی ئەو ڕۆلەی ئافرەتانن کە تێیدا شان بە شانی شۆڕشگێڕان بەردەوام بوون لە خەباتی چەکداری بۆ بە دیهێنانی مافەکانی کورد و مافە نەتەوەییەکان ، جگەلەمەش ئافرەتانی کورد ڕۆلێکی پیرۆزیان بینی لە پێگەیاندنی نەوەکانیان و پاراستنی زمان و کەلتووری کوردی لە پارچەکانی کوردستان. ئافرەتانی کورد توانیان چەندین سەرکردە و قارەمان و گەنجی لێهاتووی وڵاتمان پەروەردە بکەن و پێیان بگەیێنن.
شۆڕشی ئەیلوول یەکێکە لەو شۆڕشانەی گەورەترین پاڵپشتیکاری مافی ئافرەتان بووە و چەندین بڕیاری بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان دەرکردووە . دوای ڕاپەڕینیش بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدرا چەندین یاسای کۆنی عێراق بگۆڕدرێت کە دژ بە مافەکانی ئافرەتان بوون و ڕێگەیدا ئافرەتانیش لە دام و دەزگا حکومی و سیاسیەکان ڕۆلی بەرچاویان هەبێت .
لەسەردەمی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی نێچیرڤان بارزانی توانرا یاسای باری کەسێتی بگۆڕدرێت و مافەکانی ئافرەتان زیاتر بێت چ لە ڕووی یاسایی چ لە ڕووی هەتنە مەیدانی خەباتی مەدەنی و سیاسیدا ئەوەبوو ڕێگە لە فرە ژنی بە یاسا گیرا و گەورە بە بچووکی قەدەغەکرا و یەکسانی نێوان ئافرەتان و پیاوان پەیڕەو کرا ، هەر لە سەردەمی کابینەی حکومەتی نێچیرڤان بارزانیدا هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی دژ بە تووندوتیژی ئافرەتان ڕاگەیرنرا بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەڕێگەی یاسایی تووندترین سزا بەسەر ئەو کەسانە سەپێنرا کە دژ بە مافی ئافرەتان بوون ، ئەم خەباتەی نێچیرڤان بارزانی بوو بە پاڵپشتیێکی گەورە بۆ ئافرەتان تا زیاتر بێنە مەیدانی خەبات و کارکردن لە کۆمەڵگەدا هەروەک دەبینین لە ئێستادا ئافرەتان لەسەرجەم پێگەکانی دەسەڵاتی حکومی و یاسادانان و سیاسەتدا ڕۆلێکی بەرچاویان هەیە وە ئێستا ئافرەتانی کورد بە بەراورد لە وڵاتانی دراوسێ زیاترن لە پێگە و دەسەڵات و سیاسەتدا ، ئەمەش بەرهەمی کارکردنی چەندین ساڵ لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان کە و باوەڕ بوون بوو بە مافی ئافرەت و کاریان لەسەر کرد.
خۆشبەختانە لە ئێستادا تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان و پێشێلکاری بە بەراود بە ساڵانی پێشتر بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئافرەتان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن کە هیچ جیاوازیێکیان نیە لەگەڵ پیاوان لە بەرەوە پێشبردنی کۆمەڵگەکەمان و حکومەت و یاسادا .
ڕەوایە ٨ ی مارس بە پیرۆز بزانم و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو ئافرەتانەی کە بوونە قوربانی بۆ ڕەرکردنەوەی زوڵم و ستەم بەرامبەریان .

