zagros news agency

جەمال فەیاد گەشتکردنی فەزل شاکر بۆ قەتەر ئاشکرا دەکات

ڕەخنەگری هونەریی لوبنانی، جەمال فەیاد، گۆڕانکاریی نوێ لەبارەی بارودۆخی گۆرانیبێژ فەزل شاکر ئاشکرا دەکات. ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەم هونەرمەندە خۆی بۆ قۆناغێکی جیاواز لەسەر ئاستی کەسی و هونەری ئامادە دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردنی لەسەر لادراوە.

جەمال فەیاد لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، ئەو زانیارییانەی بڵاوی کردوونەتەوە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە هاتوون.

ئەو ڕوونکردنەوەی دا، فەزل شاکر دوای لادانی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردن، پاسپۆرتە لوبنانییەکەی نوێ کردووەتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێهێشتنی لوبنان لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی نیشتەجێبوون لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

فەیاد پاڵپشت بە سەرچاوەکانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەم گۆرانیبێژە لوبنانییە بەرەو تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی قەتەری هەنگاو دەنێت، ئەمەش دوای جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجە فەرمییە داواکراوەکان لە چوارچێوەی ڕێکخستنی کارەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو.

ئەم ڕەخنەگرە هونەرییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، فەزل شاکر تەنیا ئێستا لە ناوچەی یەرزە لە لوبنان نیشتەجێیە لەژێر ڕێکاری ئەمنیی تایبەتدا.

فەیاد ڕایگەیاند، تیمێکی ئەمنیی سەر بە باڵیۆزخانەی قەتەر ئەرکی پاراستنی دەگرنە ئەستۆ تا کاتی گەشتکردنی، وەک ئەوەی سەرچاوەکان باسی دەکەن.

ئەم هەنگاوە نوێیە ڕێگە بۆ فەزل شاکر خۆش دەکات تا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ناو کایەی هونەری و بەرهەمی نوێ پێشکەش بە هەوادارانی بکات، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ بەهۆی کێشە یاساییەکانەوە لە کارە هونەرییەکانی دابڕابوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “Wicked” لە سینەماکاندا

ART

لە بۆکس ئۆفیس کێبڕکێی توند لە نێوان ئاکشن و درامادایە

ART

“Project Hail Mary” سەرکەوتنی لە بۆکس ئۆفیس بەدەستدەهێنێت

ART