ئەستێرەی بەریتانی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، ئەنتۆنی هوبکنز، قۆناغێکی نوێ لە ژیانی داهێنەرانەی خۆی دەستپێبکات.
ئەمەش دوای ئەوەی یەکەمین تاکی گۆرانیی خۆی لە تەمەنی 88 ساڵیدا بڵاوکردەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبوومێکی موزیکیی تەواو کە ئاوازە کلاسیکییە ڕەسەنەکانی خۆی لەخۆدەگرێت.
ئەم گۆرانییە نوێیە ناونیشانی “Bracken Road”ی بۆ هەڵبژێردراوە، کە بیرۆکەکەی لە یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیی هوبکنز لە باشووری وێڵز وەرگیراوە. ئەنتۆنی هوبکنز ڕایگەیاند، موزیک خولیای یەکەمی بووە لە تەمەنی منداڵییەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەردەوام بە درێژایی ژیانی خەریکی ئاوازدانان بووە، و ژمارەیەک لەو پارچە موزیکییانەی لەم ئەلبوومەدا هەن بۆ چەندین دەیەیە لەگەڵیدا ماونەتەوە. ئەو خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە هاوکاریی لەگەڵ کۆمپانیای دیکا لەم پڕۆژە نوێیەدا.
لەم ئەلبوومەدا ئۆرکسترای فیلارمۆنیا بە ڕابەرایەتی مایسترۆ گوستاڤۆ دودامێل بەشدارە، لەگەڵ ژەنیاری چێلۆ گریگۆریۆ نێیتۆ و ژەنیاری پیانۆ سێرجیۆ تێمپۆ.
هوبکنز کارکردنی لەگەڵ ئەم تیمە بە ئەزموونێکی تایبەت ناساند. کۆمپانیای دیکا جەختی کردەوە، ئەلبوومەکە لایەنێکی جیاواز لە بەهرەکانی هوبکنز پێشکەشی جەماوەر دەکات.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئاوازە موزیکییەکانی گوزارشت لەو هەستە سۆزداری و توانای گێڕانەوەیە دەکەن کە هوبکنز بە درێژایی کاروانی سینەمایی خۆی پێی ناسراوە.

