شێوەکاری دیاری کورد دارا ئارام، ئامادەکارییەکانی بۆ ڕادەستکردنی تابلۆکانی بە پێشانگەی هونەریی “ئێرڵس کۆرت” لە شاری هامڵتن لە هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا ڕاگەیاند، بەمەبەستی بەشداریکردن لە پێشانگەییەکی هاوبەش کە لەگەڵ هەردوو هونەرمەند کاسرین کینی و نانسی بینوی ساز دەکرێت.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکە ڕێککەوتی 8ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە کاتژمێر 7 بۆ 9ی ئێوارە بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی بەشداربوو بەڕێوە دەچێت.
دەرگەی پێشانگەکە لە 8ی تشرینی یەکەمەوە تا 14ی تشرینی دووەمی 2026 لە (215 Ottawa St N, Hamilton, ON) بەڕووی هۆگرانی هونەردا کراوە دەبێت.
دارا ئارام شێوەکار و پەیکەرتاشێکی کوردە و خاوەنی خەڵاتی جیهانییە. بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیان، ناسنامە، کۆچبەربوون و ئالنگارییە مرۆییەکانن، لە 1982 لە بەشی شێوەکاریی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا دەرچووە، پاشان لە 1985 ڕووی لە سوێد کردووە و لە ناوەندە هونەرییەکانی ئەوروپا درێژەی بە پەرەپێدانی بەهرەکانی داوە.
بەرهەمەکانی زیاتر لەسەر بزووتنەوەی ئێکسپرێسیۆنیزم، ڕیالیزم و هونەری هاوچەرخ کار دەکەن. لە تابلۆکانیدا ڕەنگی توند، شێوەی ڕووخسار و هێمای جۆراوجۆر بەکار دەهێنێت تا دەربڕین لە ململانێ و ورەی مرۆڤ بکان.
خاوەنی دەیان پێشانگەی تایبەت و بەکۆمەڵە لە وڵاتانی کەنەدا، سوێد، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا. تابلۆکانی لە چەندین گەلەری و ناوەندی کولتووریی جیهانیدا پارێزراون.

