zagros news agency

ناتۆ مۆسکۆ بە ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە تۆمەتبار دەکات و ڕووسیا دەڵێت: ئەوروپا شەڕی له‌ دژمان راگه‌یانددووه‌

جەنگی تۆمەتەکان لەنێوان ناتۆ و ڕووسیا توند دەبێتەوە؛ سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە دەڵێت هەڵمەتە سەرکێش و تێکدەرانەکانی مۆسکۆ لە ئەوروپا شکست دەهێنن لە کەمکردنەوەی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکراینا، لە بەرامبەریشدا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وەڵام دەداتەوە و دەڵێت “هیچ گومانێکم نییە ئەوروپا خۆی جەنگی دژمان ڕاگەیاندووە”.

مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) داوای “هێمنی و دانبەخۆداگرتن” دەکات لە بەرامبەر ئەو کردەوە تێکدەرانەی کە دەوترێت ڕووسیا لە وڵاتانی ئەوروپادا ئەنجامیان دەدات، و جەختی کردەوە کە ئەو هەوڵانە ناتوانن یەکڕیزیی ناتۆ و پشتیوانییەکان بۆ ئۆکراینا لاواز بکەن.

ڕووتە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: “ڕووسیا بەردەوامە لە هەڵمەتە سەرکێشانەکەی بۆ کردەوەی دوژمنکارانە دژی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ؛ هەوڵ دەدات ئیرادەمان بشکێنێت و هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکراینا ڕابگرێت، بەڵام شکستی هێناوە؛ چ لە گۆڕەپانی جەنگ لە ئۆکراینا و چ لە لەقکردنی یەکڕیزیی هاوپەیمانان.”

سکرتێری گشتیی ناتۆ هۆشداریشی دا کە پێویستە وڵاتانی ناتۆ “ساویلکە نەبن”، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت لەسەر کارەکانیان و پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکراینا بەردەوام بن، چونکە مۆسکۆ دەزانێت کە ناتۆ لەو بەهێزترە.

تۆمەتە نوێیەکانی ئەستۆنیا و ئەڵمانیا
ئەم لێدوانانەی ناتۆ هاوکات بوون لەگەڵ تۆمەتبارکردنی فەرمیی ڕووسیا لەلایەن ئەستۆنیاوە. مارگوس تساخکنا، وەزیری دەرەوەی ئەستۆنیا ئاشکرای کرد کە دەزگا هەواڵگرییەکانی مۆسکۆ لە پشت هێرشێکی ئاگرتێبەردانی ئەنقەست بوون کە لە مانگی ئابدا کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی “میلریم ڕۆبۆتیکس”ی لە شاری تالین کردبووە ئامانج.

هەروەها ئەم ڕووداوە دوای ماوەیەکی کەم دێت لە دۆزینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەیەکی ئەڵمانیا، کە بەرلین بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی مۆسکۆ.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی لیتوانیا ئاماژەی بەوە کرد کە هەواڵگریی وڵاتەکەی هیچ بەڵگەیەکی نییە لەسەر ئەوەی ڕووسیا ئامادەکاری بۆ جووڵەیەکی گەورەتر و نزیک لە ناوچەکە بکات، و هۆشداری دا لە زیادەڕۆیکردن و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگەدا.

وەڵامی مۆسکۆ: ئەوروپا جەنگی دژمان ڕاگەیاندووە
لە بەرامبەردا، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرێملین، سەرلەبەری ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بە “بێ بنەما و دوور لە لۆژیک و واقیع” ناوی بردن و جەختی کردەوە کە شایەنی بەهەند وەرگرتن نین.

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت و ڕایگەیاند کە ئەوروپا خۆی لە ڕێگەی ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکراینا، جەنگی ڕاستەقینەی دژی ڕووسیا بەرپا کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران داوادەکات لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەشداربێت

سەڵاح

سەرۆكی حكومەت: شانازی دەكەین خزمەتكاری هەموو شەهیدان بین بەبێ جیاوازی

یاسین

خولی فەرەنسا.. ئێنریکی بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و پاریس هەر لە پێشەنگە

یاسین