سێیەم دیداری شانۆی رانیە، کۆتایی پێهات و لە رێوڕەسمێکدا خەڵات و رێزلێنان پێشکەش بە شانۆکاران و گرووپە بەشداربووەکان کرا.
رێوڕەسمەکە دوێنێ دووشەممە، لە هۆڵی کازێوەی منداڵانی رانیە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە هونەری و رۆشنبیرییەکانی سنوورەکە بە پێشکەشکردنی چەند چالاکییەک و خەڵات کۆتایی پێهات.
لە رێوڕەسمی کۆتاییدا، تیپی هونەری میللی رانیە تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی پێشکەشکرد، دواتر رێزلێنان و خەڵات پێشکەش بە بەشداربووانی سێیەم دیداری شانۆی رانیە کرا.
دیدارەکە رۆژی یەکشەممە لە هۆڵی رۆشنبیری رانیە دەستیپێکرد و رۆژی یەکەمی چالاکییەکانی دیدارەکەدا، وێڕای رێوڕەسمی دەستپێک، چەند بەرهەمێکی شانۆیی نمایشکران، لەوانە: دەقی “شانۆ لەدەرەوەی شانۆدا” لە نووسینی سدیق عەلی و دەرهێنانی رزگار سەنگەرەی و لەلایەن گروپی شانۆی بنکەی رۆشنبیری و هونەری رانیە، هەروەها دەقی شانۆی “برسێتی” کە لە بیرۆکەی بەهرام ئەفشاری و دەرهێنانی حەمەی شانۆ و لەلایەن گرووپی شانۆی دیالۆگ لە کەرکووک.
هەر هەمان رۆژ، چەند دەقێکی دیکەی شانۆیی نمایشکران، لەوانە: “شانۆی بەرد” لە نووسین و دەرهێنانی ئومێد کەمال و یاریدەدەری دەرهێنەر فەرەیدوون بەکر و لەلایەن گرووپی شانۆی پیرەمەگروون، “شانۆی خۆکوژ” لە نووسینی “ئەرکەی ئەڤیر چینکۆ”، وەرگێڕانی لە رووسییەوە مەهدی مەجید و دەرهێنانی بەکر مەحموود و لەلایەن گروپی شانۆی سەردەم لە قەڵادزێ، شانۆی “پەناهەندە” لە نووسینی نیهاد جامی و ئامادەکردن و دەرهێنانی رێباز محەممەد و لەلایەن گرووپی شانۆی کفری.
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دیدارەکەدا، شەوی 29ـی حوزەیرانی 2025 لە پانێلێکدا خوێندنەوەیەک بۆ دەقە شانۆییەکان کرا.

