دەیڤید ئێلیسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “سکای دانس میدیا”، رایگەیاند، بەرهەمهێنانی بەشی سێیەمی فیلمی “Top Gun” یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی ستۆدیۆکەیان. ئەمەش دوای سەرکەوتنی مێژوویی بەشی دووەمی فیلمەکە “Top Gun: Maverick” دێت، کە توانیی ١.٥ ملیار دۆلار داهات کۆبکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەستێرەی جیهانی تۆم کروز پشتڕاستی کردەوە کە دەستی بە کارکردن لەسەر فیلمەکە کردووە و لە قۆناغی بیرکردنەوەدایە لە چیرۆکی فیلمەکە.
کروز لە لێدوانێکیدا گوتی: “ئێمە بیر لە چەندین چیرۆکی جیاواز دەکەینەوە، بەتایبەت کە ٣٥ ساڵی پێچوو تا چیرۆکی ‘Maverick’مان دۆزییەوە”.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە کروز کارەکانی لەسەر دوا بەشی زنجیرە فیلمی “Mission: Impossible” کۆتایی پێدەهێنێت، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پرۆژەی گەورەی داهاتووی ئەم فیلمە دەبێت.

