zagros news agency

سەلام عەبدوڵڵا چیرۆکی ڕاکردن لە زیندانی بەعس و گەیشتن بە شۆڕشی گێڕایەوە

کتێبخانەی حەیدەری لە شاری هەولێر ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ١٤میوانداریی کەسایەتیی دیاری سیاسی و ڕۆژنامەوانی کورد، سەلام عەبدوڵڵای کرد بۆ گێڕانەوەی بەشێک لە یادەوەرییە پڕ لە هەوراز و نشێوەکانی ژیانی خەباتی.

لە کۆڕێکدا بە ناونیشانی “ساڵێک لە تەمەنم.. ساڵی ١٩٧٧” کە لە باخچەی کتێبخانەکە لە گەڕەکی ئازادی بەڕێوە چوو، سەلام عەبدوڵڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات، وردەکاریی ساڵێکی چارەنووسسازی ژیانی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە. 

کۆڕەکە کە لەلایەن شاعیر ڕێدار سابیرەوە بەڕێوە دەبرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، شاعیران، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران ئامادەی بوون، بۆ خستنەڕووی بەسەرهاتی هەڵاتنی سەلام عەبدوڵڵا لە زیندانی مەترسیداری (هەیئە)ـی ڕژێمی بەعس لە بەغدا تەرخان کرابوو و ئەو ڕێگا سەختەی کە بڕیویەتی تا گەیشتووەتەوە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان.

سەلام عەبدوڵڵا لە گێڕانەوەکانیدا ئاماژەی بەو بارودۆخە دژوارەی زیندان و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسیی کورد کرد لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس، پاشان باسی لە پلانی وردی هەڵاتنەکەی و ئەو کەسانە کرد کە هاوکار و پشتیوانی بوون لەو هەنگاوە مەترسیدارەدا.

سەلام عەبدوڵڵا یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ڕۆشنبیریی کوردستان. ژیانی پیشەیی و سیاسیی ئەو مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە لە خەباتی پێشمەرگایەتییەوە دەست پێدەکات و تێکەڵ بە کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی بووە. وەک پێشمەرگەیەکی دێرین و زیندانیکراوی سیاسی، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە شۆڕشی کورد و قوربانیدان لەو پێناوەدا هەیە.

دوای ڕاپەڕینیش، یەکێک بووە لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی بواری میدیای کوردی، پۆستی سەرنووسەری ڕۆژنامەی “خەبات”ـی وەرگرتووە، کە زمانحاڵی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانە. نووسین و وتارەکانی زۆرجار ڕەنگدانەوەی ئەزموونی سیاسی و تێڕوانینی قووڵیەتی بۆ ڕووداوەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. سەرباری کاری ڕۆژنامەوانی، خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە، لەوانە ڕۆمانی “بووژانەوەی ژیلەمۆ” کە لە کۆڕەکەدا دانەیەکی پێشکەش بە کتێبخانەی حەیدەری کرد.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا، مومتاز حەیدەری، بەڕێوەبەری کتێبخانەی حەیدەری، وەک ڕێزلێنانێک لە خەبات و تێکۆشانی ئەو نووسەر و پێشمەرگەیە، بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێ بەخشی و هیوای تەمەندرێژی و لەشساغیی بۆ خواست.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک‌وەزیرانی سوید: ئێران ڕێکخراوی توند وتیژی ناردووتە وڵاتمان

یاسین

ئێران تاقیکردنەوەی مووشەکێکی نوێ ڕاگەیاند و هۆشداریی دایە ئەمریکا

یاسین

ڕیال مەدرید لە ئەستێرەیەکی لیڤەرپول نزیک دەبێتەوە

یاسین