گوینێت پاڵترۆ، خانمە ئەکتەری براوەی ئۆسکار و دامەزرێنەری براندی “Goop”، بە ڕاشکاوی لەگەڵ فۆڵۆوەرەکانی لە ئینستاگرام باسی لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی کرد.
پاڵترۆ ئاماژەی بەوە دا کە ناتوانێت بە تەواوی لە دڵەڕاوکێ ڕزگاری بێت، بەڵام لە ڕێگەی هەناسەدانی قووڵ، پیاسەکردن، و تەنانەت “هاوارکردن بەسەر دەوەنەکاندا” هەوڵی کەمکردنەوەی دەدات.
ئەو دانی بەوەدا نا کە بەدەست ماندوێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت و کار لەسەر ڕێکخستنی خەو و دیاریکردنی سنوور بۆ کارەکانی دەکات.
پاڵترۆ دڵەڕاوکێیەکەی بە گۆڕانکارییە جەستەیی و هۆرمۆنییەکانی تەمەنییەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت ژیان لەژێر تیشکی کامێراکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ، کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆئەندامی دەماری هەبووە. ئەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە سوود لە پزیشکانی دەمار و پشتگیری خێزانەکەی دەگرێت.

