ئەمڕۆ شەممە، هەواڵی کۆچی دوایی یەکێک لە ناوە دیارەکانی سینەمای کوردی و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، مەهدی ئومێد راگەیێندرا، کە دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە شاری هەولێر ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کۆچی دوایی و کاردانەوەکان
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرسەنامەیەکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەند و سەرجەم دۆست و هاوکارانی کرد و مەهدی ئومێدی وەک “ناوێکی درەوشاوەی کاروانی هونەری کوردی” وەسف کرد.
هاوکات پارێزگای هەولێر پرسەنامەیەکی هاوخەمیی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە: بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند و سینەماکاری داهێنەری گەلەکەمان (مەهدی ئومێد)مان پێگەیشت.
خوالێخۆشبوو، یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و کەسێکی تێکۆرشەری کورد بوو و وەک دەرهێنەرێکی ناسراو و خاوەن ئەزموونی سینەمای کوردیش بە کارە هونەرییەکانی و فیلمەکانی (وەک فیلمی تونێل و ئەوانی تر) خزمەتێکی گەورەی بە کولتوور و هونەری نەتەوەکەمان کرد و شوێنپەنجەی لە مێژووی سینەمای کوردیدا دیارە.
بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکەتان و سەرجەم هونەرمەندان و سینەماکارانی کوردستان دەکەین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری هەولێر لە بەیاننامەی جیادا، هەواڵی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە کوردەی راگەیاندووە و سەرخۆشی لە تەواوی سینەماكاران و هونەرمەندانی كوردستان و بەتایبەت سەرەخۆشی لە تێكڕای ئەندامانی خێزانەكیان و كەسوكاریان کردووە.
وێستگەکانی ژیان و خوێندن
مەهدی ئومێد، کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕەواندزە و لە ساڵی 1954 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، ژیانێکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیوە. لە سەرەتای حەفتاکاندا پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کردووە، دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە مۆسکۆ کردووە و لەوێ بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری “دراماتۆرگی و سینەما”دا بەدەستهێناوە.
تێکۆشان و برینداربوون
ژیانی مەهدی ئومێد تەنیا لە پشت کامێراکاندا نەبووە، بەڵکو وەک پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلوول تێکۆشاوە. ئەو لە دوا ڕۆژەکانی ئێزگەی “دەنگی کوردستان” لە کاتی نسکۆی شۆڕشدا بریندار کرا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گیانی نیشتمانپەروەریی ئەو بوو کە دواتر لە کارە هونەرییەکانیدا بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە.
شاکارە هونەرییەکان
دیارترین و ناسراوترین کاری ئەم دەرهێنەرە، فیلمی سینەمایی “تونێل” بوو کە لە ساڵی 1990ـدا بەرهەمهێنرا. ئەم فیلمە بە یەکێک لە شاکارە هەرە گرنگەکانی سینەمای کوردی دادەنرێت، کە باس لە ئازارەکانی مرۆڤی کورد و ڕاکردن لە ستەم دەکات.
جگە لەم فیلمە، لە کاتی پەنابەریدا لە سوێد، چەندین بەڵگەفیلمی مێژوویی لەسەر ژیانی پێشمەرگە، شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانی کیمیاییبارانی هەڵەبجە بەرهەمهێناوە و دەنگی مەزڵوومییەتی گەلی کوردی گەیاندووەتە جیهان.
گەڕانەوە بۆ نیشتمان
لە ساڵی 2000مدا، مەهدی ئومێد بڕیاری دا لە سوێدەوە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێ ببێت. گەڕانەوەی ئەو بووە هەوێنێک بۆ دامەزراندنی بناغەیەکی سەرەتایی و مۆدێرن بۆ سینەما لە کوردستان.
ئەمڕۆ کوردستان ماڵئاوایی لە مرۆڤێک کرد کە تەمەنی خۆی لە نێوان چەک و کامێرا، لە نێوان غەریبی و نیشتماندا بەسەربرد، تا دواجار لە شاری هەولێر و لە 28ـی ئازاری 2026، چیرۆکی ژیانی کۆتایی هات، بەڵام فیلم و بەرهەمەکانی بۆ هەمیشە وەک بەشێکی زیندووی مێژووی کورد دەمێننەوە.

