بەمەبەستی ڕێزلێنان لە مێژووی پڕ لە خزمەتی هونەرمەندی شەهید جەوهەر باپیر، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی ٣ی ٢٠٢٦، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدە لە شاری هەولێر، یادی ٣٥ ساڵەی شەهیدبوونی کرایەوە.
ڕێوڕەسمەکە لەلایەن کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کورد/ لقی هەولێر ڕێکخرابوو، تێیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، سەلیم قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ئەدیبان و خانەوادەی شەهید ئامادە بوون.
لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا، ئاڵای کوردستان و چەپکەگوڵی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆی هونەرمەند دانران. پاشان لە وتەیەکدا، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری، تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی کاریگەری جەوهەر باپیر لە هەردوو کایەی هونەری و خەباتی کوردایەتیدا.
ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو هونەرمەندە نەک هەر لە ڕێگەی شانۆ و دراماوە خزمەتی بە کولتووری کوردی کردووە، بەڵکو بە هەڵوێستە قارەمانانەکانی لە کاتی بەرگری لە شاری هەولێر، بووەتە سیمبوولی خۆڕاگری.
لە وتارەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە جەوهەر باپیر خۆشەویستی هەموو چین و توێژەکانی بەدەستهێنابوو، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕاستگۆییەی لە کارە هونەرییەکانیدا هەبوو. هەروەها باس لەوە کرا کە لە 31ی ئاداری 1991، لە سەرەتای کۆڕەوی ملیۆنی و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی ڕژێمی بەعس بۆ سەر شاری هەولێر، جەوهەر باپیر لەگەڵ پۆلێک هاووڵاتی و تێکۆشەردا، گیانی خۆی فیدای خاک و نیشتمان کرد.
ئەم یادکردنەوەیە وەک وەفایەک بوو بۆ ئەو هونەرمەندەی کە لە لوتکەی خزمەتکردنیدا، سەنگەری بەرگری لە شاری هەولێری هەڵبژارد و ناوی خۆی لە مێژووی هونەر و شۆڕشی گەلی کورددا بە نەمری هێشتەوە.

