بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی مێژووی پڕ لە چالاکیی دەرهێنەر و سینەماکاری کورد، مەهدی ئومێد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ڕێوڕەسمێکی وەفا و یادکردنەوە و نمایشکردنی فیلم ڕێکدەخات.
ئەم رێوڕەسمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (سینەما و جەماوەر)دایە، کە لەلایەن بەشی سینەمای هەولێر و بە پاڵپشتیی پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت.
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، کاتژمێر 5ی ئێوارە لە “ئیمپایەر سینەما” لە فامیلی مۆڵ بەڕێوە بچێت، تێیدا یەکێک لە فیلمە دیارەکانی ئەو هونەرمەندە نمایش دەکرێت و باسی ڕۆڵی کاریگەری لە بەرەوپێشبردنی سینەمای کوردیدا دەکرێت.
هونەرمەند مەهدی ئومێد، یەکێک لە ناوە دیارەکانی بواری سینەما و دراما بوو لە کوردستان. ئەو زۆری تەمەنی لە وڵاتی سوید بەسەر برد و لەوێشەوە بەردەوام بوو لە خزمەتکردن بە دۆزی کورد و هونەری کوردی، یەکێک لە کارە هەرە دیارەکانی فیلمی (توونێل) بوو کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو.
مەهدی ئومێد، دوای گەڕانەوەی بۆ نیشتمان و پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە 27 ئاداری 2026 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە ناوەندی هونەری کرد.
ئەم ڕێوڕەسمەی بڕیارە لە هەولێر ساز بکرێت، وەک وەفایەک و ڕێزگرتنێکە لەو تەمەنە درێژەی مەهدی ئومێد کە لە پێناو هونەر و ناساندنی ئازارەکانی گەلی کورد بە جیهان بەخشی. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ئامادەبوونی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لەم یادەدا بە نیشانەی ڕێزگرتن لەو مێژووە پڕ لە خزمەتە دادەنێت.

