zagros news agency

فراکسیۆنی پارتی وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتووی دایەوە

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەداتەوە، ئەمەش دەقی وەڵامەکەییە:

لای خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ هیچ هۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە.

بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو، کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لەبری ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە.

هەموو لایەك ئاگادارن، ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن. چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نیە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لەدژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان.

لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە.

لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

٢٠٢٥/٦/٣

هەواڵی پەیوەندیدار

مەندەلاوی: ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری لە یاسای دادپەروەرانە دەکات بۆ کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە

یاسین

سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی لە تورکیا دەکات

سەڵاح

عەلی لاریجانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە تەنها باسی دانوستاندن دەکات

یاسین