دادگایەکی بەریتانی بڕیاریدا کاتی دادگاییکردنی ئەکتەری کۆمیدی ناسراو ڕاسڵ براند لە مانگی حوزەیرانەوە بۆ 12ـی تشرینی یەکەمی 2026 دوابخات.
براند کە ئێستا تەمەنی 50 ساڵە، ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی وەک دەستدرێژی سێکسی و ئازاردانی جەستەیی دەبێتەوە کە لەلایەن شەش ئافرەتەوە لە نێوان ساڵانی 1999 بۆ 2009 تۆمارکراون. دادوەر بڕیاریداوە هەموو تۆمەتەکان لە چوارچێوەی یەک کەیسی گەورەدا یەکبخات.
ئەم کێشە یاساییە لە ساڵی 2023یەوە دەستیپێکرد کاتێک ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پەردەیان لەسەر چەندین کەیسی شاراوە لادا، لەوانە چیرۆکی کچێکی 16 ساڵان کە بانگەشەی ئەوە دەکات براند مامەڵەی خراپی لەگەڵ کردووە.
ڕاسڵ براند هەموو تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت پەیوەندییەکانی بە ڕەزامەندی هەردوولا بووە. چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دادگاییکردنەکە نزیکەی دوو مانگ بخایەنێت و یەکێک بێت لە پڕدەنگدانەوترین کەیسەکانی ساڵ لە بەریتانیا، بەو پێیەی براند پێشتر یەکێک بووە لە ناودارترین پێشکەشکار و ئەکتەرەکانی ئەو وڵاتە.

