دوای ئەوەی کە هەواڵی بێسەروشوێن بوونی کۆمەڵێك هاونیشتیمانی لە ووڵاتی لیبیا بەدەست گەیشت، ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران، کە بەپەلە ڕێککاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن و هێنانەوەیان، لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە هەر ۳۳ هاونیشتیمانی تەواوبووە و هەفتەی ئایندە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەرووی ئەم گەنجانە بووەوە، لە ماوەکانی ڕابردوو، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.
تاوەکو ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی ٣٠٢ کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەئێستاشدا هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە رێکاری پێویستیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی 33ی کۆچبەر گرتۆتەبەر و لەچەند رۆژی داهاتوو دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.

