تانا مۆنکۆ، ئەستێرەی ناسراوی یوتیوب و سۆشیاڵ میدیا، دوای ساڵانێک لە ژیانی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی، هەر ئێستا گۆڕانکارییەکی گەورە لە کارەکانیدا دەکات.
تانا کە پێشتر بەهۆی قسە ڕاشکاوەکانی و ژیانە پڕ لە هەراوزەنایەکەی دەناسرا، ئێستا لەبارەی قۆناغی نوێی ژیانی دەڵێت، دەیەوێت ببێتە کەسێک کە جێگەی ڕێز بێت و بەردەوام وەک کچێکی بەرپرسیار دەربکەوێت.
ئەو بڕیاریداوە واز لە خواردنەوەی کحول بهێنێت و تەنیا گرنگی بە کارە بازرگانییەکانی بدات. تانا هەر ئێستا ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پۆدکاستێکی نوێ بە ناوی “Brand Safe” دەکات کە تێیدا باس لە ئەزموونەکانی و گۆڕانکارییەکانی دەکات.
ئەم پۆدکاستە نوێیە لە شوێنە جیاوازەکانی وەک هاوایی و لۆس ئانجلەس و لاس ڤێگاس وێنە دەگیرێت. تانا مۆنکۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەیەوێت لە ڕێگەی “Brand Safe” هەوادارانی تێکەڵی ژیانی تایبەتی بکات و نیشانیان بدات کە دەکرێت مرۆڤ لە هەر قۆناغێکدا بێت بگۆڕێت.
پێشتر پۆدکاستی “Cancelled” کە تێیدا لەگەڵ بروک شۆفیڵد کاریدەکرد، بەهۆی جیاوازی بیروبۆچوون کۆتایی پێ هات.
تانا لەو بڕوایەدایە، ئەم قۆناغە نوێیەی ژیانی دەبێتە هۆی ئەوەی براندە گەورەکان بەردەوام متمانەی پێ بکەن و چیتر وەک مەترسییەک بۆ سەر ناوبانگی براندەکان نەبینرێت، چونکە ئێستا زۆر بە وریایییەوە قسە دەکات و هەموو نهێنییەک ئاشکرا ناکات.

