سۆپرانۆی کورد، پەروین چاکار، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاوکردنەوەی بەشێکی زۆری بەرهەمە نوێیەکانی لە چوارچێوەی ئەلبوومێکی تایبەت بە دەنگ و پیانۆ ڕاگەیاند.
ئەلبوومەکە کە ناونیشانی “Songs My Homeland Taught Me” (ئەو گۆرانیانەی نیشتمان فێری کردم)ی بۆ هەڵبژێردراوە، لە گۆرانیی فۆلکلۆری و ڕەسەنی کوردی پێکهاتووە و تایبەتمەندییەکەی لەوەدایە کە بە سێ شێوەزاری سەرەکیی زمانی کوردی پێشکەش کراوە.
چاکار ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا پێنج گۆرانی لە کۆی شەش گۆرانی ئەلبوومەکە لە سەرجەم پلاتفۆرمە میوزیکییە دیجیتاڵییەکاندا بەردەستن. گۆرانییەکانیش بریتین لە: (ئاریکس، چیایێن مە دلکوشتیێ ئاوتێن چاڤان، لای لای، رۆمانی، تەو ڤیڤیکێ) و بڕیارە بەم نزیکانە بڵاوبکرێتەوە.
ئەم بەرهەمانە شێوەزارەکانی کرمانجیی سەروو، کرمانی خواروو و زازاکی لەخۆدەگرن، ئەمەش دەوڵەمەندی و هەمەجۆریی کولتوور و زمانی کوردی لە ڕێگەی موزیکی کلاسیکەوە نیشان دەدات.
بۆ گونجاندنی ئەم گۆرانییە کوردییانە لەگەڵ ئامێری پیانۆدا، چەندین هونەرمەندی لێهاتوو بەشدار بوونە، لەوانەش فاتح ماروف ئۆغڵو، یوسف یاڵچن، پاولۆ ڤیلا و ماری میوری.
پەروین چاکار لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک لەبارەی ئەم بەرهەمەی بە هەوادارانی دەڵێت: “بانگهێشتتان دەکەم بۆ گوێگرتن، بڵاوکردنەوە و بەشداربوون لەگەڵم لەم گەشتە موزیکییەدا”.
ئەم هەنگاوە نوێیەی پەروین چاکار وەک هەوڵێکی بەردەوام و گرنگ دەبینرێت بۆ ناساندنی موزیکی کوردی لەسەر ئاستی جیهانی و ئاوێتەکردنی ڕەسەنایەتیی کوردی لەگەڵ ستایلی ئۆپێرا و موزیکی کلاسیکدا.

