ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ئەو لێژنەیەی پێكهاتووە، بەدواداچوون بۆ پرسی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “مووچەی مانگی 12 لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقە و دەبێت هەموومان فشار بكەین ئەو مووچەیە بدرێت.”
نەرمین مەعروف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: “مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، كە نەدراوە، یەکێکە لەو بابەتانەی لێژنەکە لەبەرنامەیدایە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 18ی 2ی 2025 بەدواداچوونی بۆ بکات.”
لە 12ی 1ی 2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ و لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆ بوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە، لێژنەی دارایی رایگەیاند، لێژنەیەکی لاوەکی بۆ بەدواداچوونی مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە.
نەرمین مەعروف جەختی كردەوە، دوای بەدواداچوون، لێژنەكە راپۆرتی خۆی ئامادە دەكات و پرسەكە یەكلایی دەكاتەوە و تاوەكوو ئێستا كارەكانی لێژنەكە كۆتاییان نەهاتووە.
بڕیارە لێژنەی بەدواداچوون بۆ كێشەی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی كوردستان، راپۆرتێك پێشكەشی وەزارەتی دارایی و سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات.
سیپان شێروانی، ئهندامی لێژنەی ئابووریی پهرلهمانی عێراق، رایگەیاند: “بەغدا مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، ئەو بڕەپارەیەی گوایە بۆ مانگی 11 و 12 نێردراوە، راست نییە، بەڵكوو بە هەردوو تەمویل مووچەی مانگی 11 دراوە، تەنانەت لە مانگەكانی دیكەش كورتهێنان هەبووە و هەرێمی كورستان لە داهاتی ناخۆ پڕی كردووەتەوە.”
بەرپرسێكی گەنجینەی وەزارەتی دارایی رایگەیاند: “نە بە فەرمی و نە بە زارەكی لەبارەی پاشەكەوتكردنی مووچەی مانگی 12 ئاگادار نەكراوینەتەوە و مووچەی مانگی 12 بە مووچەی خەرجنەكراو ئاماژەی بۆ كراوە و هەركات پارە لە بەغداوە بنێردرێت، مووچەكە خەرج دەكرێت.”
سیپان شێروانی ئاماژەی بەوە دا: “مووچەی مانگی 12 لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقدایە و دەبێت هەموومان فشار بكەین ئەو مووچەیە بدرێت و ئەوەش مافی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە.”
رۆژی 15ی1ی2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: “بەپێی کەشفی حسابی وەزارەتمان لە بانکی ناوەندیی عێراق، لقی هەرێم/ هەولێر، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕی 10 ترلیۆن دیناری وەکوو شایستەی مووچوخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 ناردووە، دەردەكەوێت بڕی 822 ملیار و 642 ملیۆن دیناری لە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی (2024) لای حکوومەتی فیدراڵی ماوە.”
شوان بەرزنجی