لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، زیاتر لە 10 ملیۆن هاوڵاتی مانگانە موچەیەک لە دەوڵەت وەردەگرن.
ئەندامی لیژنەکە موعین ئەلکازمی بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، “وەزارەتی دارایی مانگانە 8 ترلیۆن دینار وەکو موچە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە مسۆگەر دەکات”.
ئەلکازمی گوتی: ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە مووچەکانیان لە دەوڵەت وەردەگرن گەیشتووەتە زیاتر لە 4.2 ملیۆن فەرمانبەر، لە کاتێکدا ژمارەی خانەنشینەکان 3 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، ئەوانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە 3 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنن.
ڕوونیشیکردەوە، کۆی ئەو سوودمەندانەی کە مووچەکانیان لە دەوڵەت وەردەگرن دەگاتە 10 ملیۆن و 500 هەزار، مووچەی ئەم سێ چینەش تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی مسۆگەرە، بەو پێیەی داهاتی نەوت مانگانە زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە.

