مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشبینی کرد کە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لەناو بودجەی ساڵی ٢٠٢٦دا لە نێوان ٥٥ بۆ ٦٢ دۆلار بێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم خەمڵاندنانە بەپێی چەندین هۆکار دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
ساڵح رایگەیاند: “پێشبینییە جیهانییەکان، کە پشت دەبەستن بە شیکارییەکانی رێکخراوی ئۆپێک و بارودۆخی بازاڕی نەوتی جیهانی، جگە لە خەمڵاندنی ژمارەیەک دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی جیهانی(خاوی برێنت) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لەوانەیە لە مەودایەکدا بێت کە لە نێوان ٥٥ بۆ ٦٢ دۆلار بخولێتەوە، بە تێکڕایەکی مامناوەند کە لە زۆربەی خەمڵاندنەکاندا نزیکەی ٦١ دۆلارە.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم خەمڵاندنانە پشت بە شیکارییەکانی بازاڕ و توێژینەوە نافەرمییەکان دەبەستن کە پەیوەستن بە پێشبینییەکانی ئۆپێک و هاوسەنگیی تەرخانکردن و خواست لە ئابووری جیهانیدا و ئەمە نوێنەرایەتی نرخێکی فەرمی راگەیەندراو لەلایەن رێکخراوەکەوە ناکات.”
گوتی: “ئەم پێشبینییانە دەکرێت بگۆڕدرێن بەهۆی چەند هۆکارێکی کاریگەر، کە لە سەرووی هەموویانەوە پەرەسەندنی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان، گۆڕانی خێرایی گەشەی خواستی جیهانی بۆ وزە و بڕیارەکانی سیاسەتی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی ئۆپێک پڵەس، لەگەڵ خێرا بوونی وەرچەرخان بەرەو وزەی نوێبووەوە و سیاسەتەکانی کەشوهەوا.”

