وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئاشکرا کرد. ئاماژەی بەوەش کرد کە جیاوازی هەبووە لەسەر داڕشتنی ڕێککەوتننامەی پێشوو، بەڵام ئاڕاستەیەکی هاوبەش هەیە بەرەو پڕۆژەی وەبەرهێنانی نوێ لە کەرتی نەوتدا.
باسیم محەمەد، بریکاری وەزارەت، بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامن، بەڵام ئەنقەرە نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەی پێشوو. لە بەرامبەردا، تورکیا پێشنیاری چوونە ناو پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ناو عێراق دەکات، بەتایبەت لە بواری پیشەسازیی نەوتدا”.
بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت و وەزارەتی نەوت ئامادەن بچنە ناو ئەم پڕۆژانە بۆ ئەوەی نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە و بەرژەوەندی هاوبەش مسۆگەر بکەن. سەبارەت بە هەناردەی باکوور، ڕایگەیاند کە ئێستا ڕۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە کەرکوکەوە هەناردە دەکرێت کە نزیکەی ٣٠ هەزار بەرمیلی هی هەرێمی کوردستانە. وتیشی؛ کەمبوونەوەی بەرهەمی هەرێم بۆ وەستانی کارەکانی هەندێک کۆمپانیای نەوتی دەگەڕێتەوە، و ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە دەستبەکاربنەوە، ئاستی هەناردە لە ڕێگەی تورکیاوە دەگاتە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

