zagros news agency

دامەزراوەی S&P: عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە ٤ مانگە بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت

دامەزراوەی داتا و لێکۆڵینەوەی “S&P Global”ی ئەمریکی ڕایگەیاند، عێراق و چەند وڵاتێکی تری بەرهەمهێنەری نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیان بە نزیکەی چوار مانگ دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ٨٠٪ی ئەو ئاستی بەرهەمهێنانەی کە لە شوباتی ٢٠٢٦دا تۆماریان کردبوو؛ ئەمەش بەهۆی ئەو پشێوییانەی کە شەڕ لە ناوچەکەدا دروستی کردووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
​کێشە لۆجیستییەکان و سیستمی کێڵگە نەوتییەکان
​دامەزراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ململانێکاندا بەهۆی سنوورداریی شوێنی کۆگا و زەحمەتیی هەناردەکردنەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە. ڕاپۆرتەکە ڕوونکردنەوەی داوە کە گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنان خێرا نابێت، چونکە زۆربەی کێڵگەکانی ناوچەکە (لەوانەش کێڵگەکانی عێراق) پشت بە سیستمی دەرزی لێدانی ئاو و غاز دەبەستن بۆ پاراستنی پەستانی کۆگا نەوتییەکان (المكامن النفطية).
​هەروەها ئەوەش هاتووە کە داخرانی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، پرۆسەی دووبارە کارپێکردنەوەیان ئاڵۆزتر دەکات؛ چونکە بووژانەوەی بەرهەمهێنان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێت کە خۆی لە دووبارە ڕێکخستنەوەی خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان و کەمکردنەوەی کۆگاکانی نەوت پێش گەڕانەوەی قۆناغ بە قۆناغ بۆ ئاستی پێشوو دەبینێتەوە.
​بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و پاشەکشەی وەبەرهێنان
​دامەزراوەی “S&P” پێشبینی دەکات کە چاکبوونەوەی تەواوەتی سێکتەری نەوت زیاتر لە چوار مانگ بخایەنێت، لە هەمان کاتدا هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا بە ڕێژەی نێوان ٤٪ بۆ ٦٪ ئەگەر ململانێکان کورتخایەن بن، بەڵام ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەردەوام بن، ڕەنگە ئەم تێچووە بگاتە ١٥٪.
​لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەردەوامیی گرژییەکان کارتێکەری نەرێنی دەکاتە سەر پرۆسەی وەبەرهێنان و گرێبەستەکانی یەکگرتن و کڕینی کۆمپانیاکان (الاندماج والاستحواذ) لە کەرتی وزەدا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوامە لە دابەزین

سەڵاح

پاڵاوتنی یۆرۆ.. ئەڵمانیا بە ئەنجامێکی گەورە شکستی بە سکۆتلەندا هێنا

یاسین

هێرشێکی ئاسمانیی ڕووسیا بۆ سەر زیندانێک لە ئۆکرانیا لانیکەم ١٧ قوربانیی لێکەوتەوە

یاسین