شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و ڕوانین لە ئاستی پێشکەوتنی پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسن لەگەڵ عێراق، گەیشتە پارێزگای بەسرە.
بەپێی هەواڵێکی «شەفەق نیوز» ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامیی ئێران و جێگرانی وەزیرەکان، سەردانێکی مەیدانییان بۆ پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بەسرە ئەنجام دا تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری بەڕێوەچوونی کارەکان و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بن.
هاوکات لەم سەردانەدا هەنگاوە پێویستەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و بەهێزکردنی کەرتی گواستنەوەی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ کران.
گرنگی و تێچووی پڕۆژەکە:
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە ۲۷ی تەممووزی ڕابردوودا دەستپێکردنی نێزیکی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی «بەسرە – شەلامچە»ی ڕاگەیاندبوو، کە پارێزگای بەسرە لە ڕێگەی تۆڕی هێڵی ئاسنەوە دەبەستێتەوە بە سنوورەکانی ئێرانەوە.
ئەم پڕۆژەیە دەکەوێتە چوارچێوەی پلانی بەستنەوەی مەزارگە پیرۆزەکانی نێوان عێراق و ئێران و ئامانجەکەی ئاسانکارییە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران و بەهێزکردنی پەیوەندییە هەرێمییەکان.
درێژیی هێڵی ئاسنەکە ۳٦ کیلومەترە؛ پێشتر بەغدا ڕایگەیاندبوو ئامانجی سەرەتایی پڕۆژەکە گواستنەوەی زیاتر لە ۳ ملیۆن زیارەتکارە لە ساڵێکدا، بە تێچووی خەمڵێنراوی ۱٥۰ ملیۆن دۆلار.

