بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، تەنها ژمارەی هەنگاوەکانی ڕۆژانە گرنگ نین، بەڵکو خێراییی ڕۆیشتنیش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە کەمکردنەوەی مەترسیی مردنی پێشوەختەدا هەیە.
سەرچاوە و میتۆدی توێژینەوەکە:
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی وەرزشیی بەریتانی (British Journal of Sports Medicine) بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو فاکتەری ژمارەی هەنگاوەکان و خێراییی ڕۆیشتن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێژەی گشتیی مردن و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن هەیە.
توێژەران ئانالیزی داتاکانی ئامێری پێوانی چالاکیی جەستەیییان بۆ ٦۴،۷۴۳ بەشداربووی تەمەن ۴۰ تا ٦۹ ساڵ لە پڕۆژەی (UK Biobank) کردووە، کە لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۳ تا ۲۰۱٥ دا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئامێری پێوەربەستیان بەکارهێناوە.
دەستکەوتە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە:
ژمارەی هەنگاوەکان: هەڵگرتنی نێزیکەی ۷،٥۰۰ تا ۱۰،۰۰۰ هەنگاو لە ڕۆژێکدا، بێ ڕەچاوکردنی خێراییی ڕۆیشتنەکە، بەرزترین ئاستی کەمکردنەوەی مەترسیی مردنی پێشوەختەی تۆمار کردووە.
خێراییی ڕۆیشتن: ڕۆیشتنی خێرا لانی کەم بۆ ماوەی ۳۰ خولەک لە ڕۆژێکدا (بە ڕیتمی نێزیکەی ۹۰ هەنگاو لە خولەکێکدا)، بێ ڕەچاوکردنی کۆی گشتیی ژمارەی هەنگاوەکان، مەترسیی مردن بە هۆکارە جیاوازەکان کەمدەکاتەوە.
ڕێنمایی بۆ کەسانی کەمچالاک:
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە بۆ ئەو کەسانەی شێوازی ژیانیان کەمچالاکە و ڕۆژانە کەمتر لە ٥،۰۰۰ هەنگاو هەڵدەگرن، زیادرکردنی خێراییی ڕۆیشتن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی مردنی گشتی و نەخۆشییەکانی دڵ کەمنەکاتەوە.
لە بەرامبەردا، ئەو کەسانەی حەز بە ڕۆیشتنی هێواش دەکەن، دەتوانن لە ڕێگەی زیاتکردنی ژمارەی هەنگاوەکانیانەوە هەمان سوودی تەندروستی بەدەستبهێنن.

