توێژینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆکانی بیلەفێڵدی ئەڵمانیا و وارویکی بەریتانیا دەریخستووە خواردنەوەی قاوە یان هەر خواردنەوەیەکی کافاییندار لە بەیانیاندا دەتوانێت باری دەروونیی کەسەکان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بکات و خەم و نیگەرانییان کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی «گود هێڵس»، بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەو کەسانەی بە بەردەوامی قاوە دەخۆنەوە، بەگشتی دوای خواردنەوەی قاوەی بەیانیانیان هەستی باشتریان هەیە بەرانبەر بە پێش خواردنەوەی. بەشداربووان ڕایانگەیاند لەو ڕۆژانەی قاوە یان خواردنەوەی تری کافایینداریان بەکارهێناوە، بە شێوەیەکی بەرچاو هەستیان بە شادابی و وزەی زیاتر کردووە، لە کاتێکدا لە ڕۆژانی بەکارنەهێنانی ئەم خواردنەوانەدا گۆڕانکاریی ئەرێنی لە باری دەروونییاندا نەبینراوە.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە نوێیەی لە گۆڤاری «ڕاپۆرتە زانستییەکان» (Scientific Reports) بڵاو کراوەتەوە، کافایین دەتوانێت بەرەنگاری هەستە نەرێنییەکانی وەک خەمباری یان تووڕەییش ببێتەوە، بەڵام ئەم پەیوەندییە لاوازترە و بەستراوە بە کاتی خواردنەوەی قاوە لە درێژاییی ڕۆژدا نییە.
زاناکان بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە، ٢٣٦ گەنجی پێگەیشتوویان لە ماوەی چوار هەفتەدا پشکنی کافایینیان بەکاردەهێنا. بەشداربووان ڕۆژانە حەوت جار لە ڕێگەی مۆبایلەوە وەڵامی پرسیارنامەی کورتیان دەدایەوە و باری دەروونیی خۆیان و بەکارهێنانی خواردنەوەی کافایینداریان لە ٩٠ خولەکی پێشوودا ڕادەگەیاند.
توێژەران ڕوونی دەکەنەوە هۆکاری کاریگەریی کافایین لەسەر میزاج ئەوەیە وەرگرەکانی ئەدینۆسین لە مێشکدا دەبەستێت، هەر ئەمەش وا دەکات مرۆڤ هەست بە وریایی و وزەی زیاتر بکات. ئەم وەرگرانە وەک ئەنتێنی زۆر بچووک کار دەکەن و ئەدینۆسین هەستی ماندووبوون دروست دەکات پێیانەوە دەبەسترێتەوە.
لە ڕاستیدا کافایین بە گرتنی وەرگرەکانی ئەدینۆسین، دەتوانێت چالاکیی دۆپامین لە بەشە سەرەکییەکانی مێشکدا زیاد بکات. توێژینەوە جیاوازەکانیش دەریانخستووە زیادبوونی دۆپامین پەیوەندیی بە باشتربوونی باری دەروونی و بەرزبوونەوەی ئاستی وریایییەوە هەیە. دۆپامین وەک «هۆرمۆنی دڵخۆشی»ش دەناسرێت.
سەرباری ئەمەش، بە گوتەی نووسەران، هێشتا ڕوون نییە کاریگەرییە ئەرێنییەکەی قاوە لە بەیانیاندا بەهۆی نەهێشتنی نیشانەکانی نەگەیشتنی کافایینە بە جەستە دوای خەوی شەوانە یان نا؛ چون ئەو کەسانەی بە بەردەوامی قاوە یان چا (کافایین) دەخۆنەوە، کاتێک چەند کاتژمێرێک کافایینیان پێ ناگات، تووشی نیشانەی سووکی وەک سەرئێشە، بێتاقەتی، کەمبوونەوەی سەرنج و ماندووبوون دەبن؛ ئەم نیشانانەش بە یەکەم فنجانی قاوە یان چای بەیانیان نامێنن.
لە لایەکی دیکەوە، توێژەران چاوەڕوانی ئەوە بوون بەکارهێنانی کافایین لەنێو کەسانی زۆر شڵەژاودا ببێتە هۆی زیاتربوونی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیان، بەڵام ئەم ئەنجامە دەست نەکەوت. پێدەچێت بەهۆی ئەوەوە بێت ئەو کەسانەی کافایین کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دادەنێت، لە بنەڕەتدا نایخۆنەوە و لەم لێکۆڵینەوەیەشدا بەشدارییان نەکردبوو.
بە گوتەی یەکێک لە نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە، نزیکەی ٨٠ لەسەدی پێگەیشتووان لە سەرتاسەری جیهاندا خواردنەوە کافاییندارەکان بەکاردەهێنن و مێژووی بەکارهێنانی چا و قاوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە. تەنانەت لە جیهانی ئاژەڵانیشدا بەڵگەی بەکارهێنانی کافایین هەیە؛ بە جۆرێک جۆرەکانی هەنگ پێیان باشترە شیلەی ئەو ڕووەکانە بمژن کافایینیان تێدایە.
ئەم تیمە توێژەرە لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات بەکارهێنانی کافایین دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵوودەبوون.

