توێژینەوەیەکی نوێ پەیوەندییەک لە نێوان بەرکەوتنی زۆری شەکر لە هەزار رۆژی سەرەتای تەمەن و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە قەلەقی لە تەمەنی پێگەیشتووییدا ئاشکرا دەکات. هەروەها ئەم توێژینەوەیە باس لە گۆڕانکاری لە هەندێک ناوچەی مێشک و ئارەزووی زیاتری خواردنی شیرینی دەکات.
توێژەرانی زانکۆی سۆری لە بەریتانیا توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە. بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە ماوەی سکپڕی و دوو ساڵی یەکەمی تەمەنیان کەمتر رووبەڕووی شەکر بوونەتەوە، لە تەمەنی پێگەیشتووییدا کەمتر تووشی قەلەقی بوون و کەمتر ئارەزووی خواردنی شیرینییان کردووە.
توێژەران سوودیان لە داتای زیاتر لە 45,000 کەس لە بانکی زیندەیی بەریتانیا وەرگرتووە، کە لە نێوان ساڵانی 1951 بۆ 1956 لەدایکبوون. لەو قۆناغەدا بەریتانیا دوای جەنگی جیهانیی دووەم سیستەمی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی شەکری پەیڕەو کردووە.
لێکۆڵەران بەراوردیان لە نێوان ئەو کەسانە کردووە کە لە قۆناغی سکپڕییەوە بۆ ماوەی 6، 12، 18 و 24 مانگ رووبەڕووی سنووردارکردنی شەکر بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوانەی تەنیا لە قۆناغی سکپڕی یان هەرگیز رووبەڕووی ئەو سنووردارکردنە نەبوونەتەوە. دەرەنجامەکان دەریانخستووە مەترسیی تووشبوون بە قەلەقی لای ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژتر لە سەرەتای تەمەنیان رووبەڕووی سنووردارکردنی شەکر بوونەتەوە کەمترە، ئەم پەیوەندییەش لای ژنان زیاتر دیار بووە.
توێژەران پەیوەندییەکیان لە نێوان بەرکەوتنی پێشوەختەی شەکر و خەمۆکی دیاری کردووە، بەڵام ئەم پەیوەندییە لە رووی ئامارییەوە دوای لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی دیکە پاشەکشەی کردووە. ئەمە ئەوە دەردەخات رەنگە پەیوەندییەکەیان بەو سیستەمە خۆراکییەوە پەیوەست بێت.

