zagros news agency

پزیشکێکی ڕووسی هۆکاری ئازاری مل ئاشکرا دەکات

 

پزیشکی ڕاستکردنەوەی ئێسک و جومگەی ڕووسی هۆشداری دەدات لەوەی کە هەمیشە ئازاری مل پەیوەندی بە خودی ملەوە نییە، بەڵکو دەکرێت هۆکارەکەی بۆ برینداربوون یان هەوکردنێکی کۆن بگەڕێتەوە کە ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا لە شوێنێکی تری لەشدا ڕووی داوە.

 

دکتۆر دميتري سيمكين، پسپۆڕی ڕاستکردنەوەی ئێسک، ڕوونی کردەوە کە بۆ نموونە برینداربوونێکی کۆن و درێژخایەن لە پاژنەی پێدا (قۆچە) دەکرێت شوێنەواری بەسەر شانەکانی دەوروبەریدا بەجێبهێڵێت، تەنانەت ئەگەر ئەو پێکانە لە سەردەمی منداڵیدا ڕووی دابێت. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک وایە کە لەش ناچار دەکات بە شێوازێکی ناڕێک خۆی ڕێکبخاتەوە و باری سەرکەوتن بەسەر ماسولکە و جومگەکاندا بگۆڕێت.

 

ئەو پزیشکە دەڵێت کە لەش لەم حاڵەتەدا بە شێوازێکی کەم بەرەو شوێنە پێکانەکە لار دەبێتەوە، هاوکات ماسولکەکان بۆ پاراستنی هاوسەنگی چالاک دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر ماندووبوونی ماسولکەیی لە لایەکەی تردا و دواتر کاریگەری لەسەر بەشەکانی تری لەش دروست دەکات.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لەو برینانەی لە کاتی لەدایکبووندا ڕوودەدەن (وەک برینەکانی حەوز، شان، مل یان سەر) دەکرێت بۆ ساڵانێکی درێژ کاریگەرییان لەسەر دابەشبوونی کێش لە ناو لەشدا هەبێت.

 

سەبارەت بە هەوکردنەکان، سيمكين ڕونی کردەوە کە هەوکردنی گەدە، ریخۆلە یان ئەندامەکانی تریش دەکرێت گرژییەکی بەردەوام لە شانەکانی لەشدا دروست بکات؛ بە جۆرێک لەش ناچار دەکات خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت، و ئەمەش باری سەر شان و ماسولکەکانی مل و جومگەکانی زیاتر دەکات.

 

بە گوتەی ئەو پزیشکە، بەردەوامبوونی ئەم گرژییە ماسولکەییە بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار، گوشارخستنەسەر جومگەکان و بڕبڕەکانی پشت، و کاریگەریش لەسەر خۆراکپێدانی شانەکان دروست دەکات.

 

لە کۆتاییدا، پزیشکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی ئازاری مل، پێویستە باری تەندروستی گشتیی لەش بە گشتی هەڵسەنگێندرێت، نەک تەنها پشت بە خەمڵاندنی سەرەتایی ببەسترێت بێ ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

فشاری دەروونی چی بەسەر تەندروستی جەستە دەهێنێت؟

lana

ئەو بەرهەمانەی کە بۆ دابەزاندنی کێشی لەش بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن ماددەیەکی مەترسیداریان تێدایە

یاسین

خواردنی پەتاتەی شیرین بەبەردەوامی چی بەسەر جەستە دەهێنێت

lana