zagros news agency

ڤیتامین بی١٢تەنیا لە خۆڕاکە ئاژەڵییەکانەوە دەست دەکەوێت

 

پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەبارەی مەترسییەکانی کەمیی ڤیتامین بی١٢ لە لەشدا، کە دەتوانێت کێشەی تەندروستیی جددی و درێژخایەن لێبکەوێتەوە. ئەم ڤیتامینە، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە تەندروستیی خانە دەمارییەکان، دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و DNAدا هەیە، تەنها لە ڕێگەی خۆراکە ئاژەڵییەکانەوە دەست دەکەوێت و پێویستیی ڕۆژانەی مرۆڤ تەنها ٢.٤ مایکرۆگرامە.

نیشانە سەرەتاییەکانی کەمیی ڤیتامین بی١٢ بریتین لە ماندوێتیی قووڵ، سڕبوون لە ئەندامەکان، سەرلێشێواوی، لەدەستدانی بیرەوەری، خەمۆکی و کێشە لە پاراستنی هاوسەنگی. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە ئەگەر ئەم کەمییە چارەسەر نەکرێت، هەندێک لەم حاڵەتانە دەتوانن بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەگەڵ کەسی تووشبوودا بمێننەوە. بەهۆی ئەوەی ئەم نیشانانە دەتوانن چەندین هۆکاری جیاوازیان هەبێت، پسپۆڕانی تەندروستی ڕەنگە لە سەرەتادا کەمیی ڤیتامین بی١٢ پشتگوێ بخەن.

ئەو کەسانەی سیستمی خۆراکیی ڕووەکییان هەیە، پێویستە لە ڕێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە ڤیتامین بی١٢ بەدەست بهێنن. سەدان ملیۆن کەسیش کە تەواوکەری ڤیتامین بی١٢ بەکاردەهێنن، ڕەنگە بەهۆی کێشە لە مژینی ڤیتامینەکەدا، ڕووبەڕووی کەمیی ببنەوە. مژینی ڤیتامین بی١٢ پرۆسەیەکی ئاڵۆز و چەند قۆناغییە کە لە دەمەوە دەست پێدەکات و لە کۆتایی ڕیخۆڵە بچووکدا کۆتایی دێت. پرۆتینی “ئاڕ”ی نێو لیک، ڤیتامینەکە لە ترشی گەدە دەپارێزێت و دواتر ترشی گەدە و “هۆکاری سروشتی” یارمەتیی جیاکردنەوە و مژینی بی١٢ دەدەن لە ڕیخۆڵە بچووکدا.

سەدان دەرمان، وەک ئۆپیۆیدەکان، سپڕای هەناسەدان، دژەخەمۆکییەکان و دەرمانەکانی پەستانی خوێن، دەتوانن ببنە هۆی وشکبوونی دەم و کەمیی لیک، کە مژینی بی١٢ تێکدەدات. کەمیی ترشی گەدە، کە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەکانی برینی گەدە یان زیادبوونی تەمەنەوە ڕوودەدات، هۆکارێکی دیکەی کەمیی بی١٢یە. هەروەها، کارکردنی ناتەواوی پەنکریاسیش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمیی ئەم ڤیتامینە.

پشکنینەکانی ئاسایی خوێن بۆ دیاریکردنی کەمیی بی١٢ بەس نین و پێویستە پشکنینی تایبەت بۆ ئەم ڤیتامینە ئەنجام بدرێت. جۆری چارەسەرکردنی کەمیی ڤیتامین بی١٢ پەیوەندیی بە توندی و هۆکاری کەمییەکەوە هەیە و هەندێک جار تا یەک ساڵ دەخایەنێت. چارەسەر دەتوانێت لە ڕێگەی خواردن، حەبی ژێر زمان، لە ڕێگەی لووتەوە یان دەرزییەوە بێت. بۆ بەکارهێنانی هەر جۆرە تەواوکەرێک، ڕاوێژکردن بە پزیشک و پسپۆڕی پەیوەندیدار زۆر گرنگە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڤاکسینێک بۆ ڕێگریی لە شێرپەنجەی پەنکریاس تاقیکرایەوە

یاسین

ئەو بەهارات و گیایانەی یارمەتی کرداری هەرس دەدەن

lana

سوودە تەندروستیەکانی ڕازیانە

lana